بۆ ڕۆژی دووەم چوو بۆ قەیسەرییە. کۆرنیلیۆس چاوەڕێی دەکردن، خزم و دۆستانی نزیکی خۆی کۆکردبووەوە. کاتێک پەترۆس هاتە ژوورەوە، کۆرنیلیۆس پێشوازی لێکرد و لەبەرپێی کەوت و کڕنۆشی برد. پەترۆس هەڵیستاندەوە و گوتی: «هەستە! منیش مرۆڤم!» کاتێک پەترۆس قسەی لەگەڵ دەکرد چووە ژوورەوە و خەڵکێکی زۆری بینی کۆبوونەتەوە، پێی گوتن: «دەزانن بۆ جولەکە ڕێپێنەدراوە تێکەڵاوی ناجولەکە بێت یان بچێتە لای. بەڵام خودا پیشانی دام بە کەس نەڵێم گڵاو یان پیس. بۆیە کە بانگکرام بێ ناڕەزایی دەربڕین هاتم. دەکرێت بپرسم بۆچی منتان بانگکردووە؟» کۆرنیلیۆس گوتی: «چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لەم کاتەدا کە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بوو، لە ماڵی خۆم نوێژم دەکرد. لەپڕ پیاوێک بە جلی بریسکەدارەوە لەبەردەمم ڕاوەستا، گوتی: ”کۆرنیلیۆس نوێژەکانت بیستران و خێرەکانت لەبەردەم خودا یادکرانەوە. بۆیە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا بنێرە کە نازناوی پەترۆسە. لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، لەسەر دەریا.“ منیش دەستبەجێ بەدوای تۆدا ناردم، تۆش چاکت کرد کە هاتی. ئێستا هەموو لەبەردەم خودا ئامادەین، تاکو گوێ بگرین لە هەموو ئەوەی پەروەردگار فەرمانی پێکردووی.» پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات، بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە. ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە. ئەو شتانە دەزانن کە لە هەموو یەهودیا ڕوویدا، بە دەستپێکردن لە جەلیلەوە دوای ئەوەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانەکەی ڕاگەیاند، چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو. «ئێمە شایەتی هەموو ئەو شتانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و ئۆرشەلیم کردی. ئەوەی بە هەڵواسینی بە دارەوە کوشتیان، بەڵام خودا لە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە وای کرد دەربکەوێت، نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو شایەتانەی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردن، بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە. ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە. هەموو پێغەمبەران شایەتیی بۆ دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت، بە ناوی ئەو گوناهەکانی دەبەخشرێت.» کاتێک پەترۆس باسی ئەم شتانەی دەکرد، ڕۆحی پیرۆز ڕژایە سەر هەموو ئەوانەی گوێیان لە پەیامەکە گرتبوو. ئەو باوەڕدارە خەتەنەکراوانەی کە لەگەڵ پەترۆس بوون سەریان سوڕما کە ڕۆحی پیرۆز وەک دیارییەک بەسەر ناجولەکەکانیشدا ڕژا، چونکە گوێیان لێیان بوو بە زمانە ڕۆحییەکان دەدوێن و ستایشی خودا دەکەن. ئینجا پەترۆس گوتی: «کەس هەیە ڕێگا بگرێت لە لەئاوهەڵکێشانی ئەمانە کە وەک ئێمە ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرتووە؟» بۆیە فەرمانی پێدان بە ناوی عیسای مەسیح لە ئاو هەڵبکێشرێن. ئینجا داوایان لە پەترۆس کرد چەند ڕۆژێک لەلایان بمێنێتەوە.
کردار 10 بخوێنەوە
گوێگرتن لە کردار 10
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: کردار 24:10-48
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان