لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم ساموئێل 8:23-17

دووەم ساموئێل 8:23-17 KSS

ئەمانەش ناوی پاڵەوانەکانی داودن: یۆشێڤ بەشەڤەتی تەحکەمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا هەشت سەد کەسی کوشت. پاش یۆشێڤ، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک گاڵتەی بەو فەلەستییانە کرد کە بۆ جەنگ کۆببوونەوە، پیاوانی ئیسرائیلیش پاشەکشەیان کرد. ئەو هەستا و هەتا دەستی شل بوو لە فەلەستییەکانی دا، دەستی بە شمشێرەکەیەوە نووسا و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا ڕزگارییەکی گەورەی ئەنجام دا. کاتێک لەشکرەکەشی بۆ لای ئەلعازار گەڕانەوە هیچ نەمابوو تەنها تاڵانکردن نەبێت. پاش ئەلعازاریش، شەممای کوڕی ئاگێی هاراری دێت. کاتێک فەلەستییەکان لەشکریان لە شوێنی پەڵە نیسکێکدا کۆکردەوە، لەشکری ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات. بەڵام شەمما لە ناوەڕاستی پەڵە نیسکەکەدا ڕاوەستا و بەرگری کرد و لە فەلەستییەکانی دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشی. سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت لە وەرزی دروێنەدا دابەزین بۆ لای داود لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون. لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو. داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «خۆزگە کەسێک لە بیرەکەی لای دەروازەکەی بێت‌لەحم ئاوی بۆ دەهێنام!» ئیتر سێ پاڵەوانەکە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی. گوتی: «ئەی یەزدان، لە من بەدوور بێت ئەمە بکەم. ئەمە خوێنی ئەو پیاوانەیە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.» لەبەر ئەوە داود نەیویست بیخواتەوە. ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان