لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم ساموئێل 1:2-10

دووەم ساموئێل 1:2-10 KSS

ئەوە بوو پاش ئەمە، داود لە یەزدانی پرسی و گوتی: «سەربکەوم بۆ یەکێک لە شارۆچکەکانی یەهودا؟» یەزدانیش پێی فەرموو: «سەربکەوە.» داودیش گوتی: «بۆ کوێ سەربکەوم؟» ئەویش فەرمووی: «بۆ حەبرۆن.» ئینجا داود بۆ ئەوێ سەرکەوت، خۆی و هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایل کە بێوەژنی نابالی کارمەلی بوو. هەروەها داود ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون هەریەکە و لەگەڵ خێزانەکەی برد و لە شاری حەبرۆن و شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون. پاشان پیاوانی یەهودا هاتن و لەوێ داودیان بە پاشای بنەماڵەی یەهودا دەستنیشان کرد. کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا کە پیاوانی یاڤێش گلعاد شاولیان ناشتووە، داودیش چەند نێردراوێکی بۆ لای پیاوانی یاڤێش گلعاد نارد بۆ ئەوەی پێیان بڵێن: «با یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، کە ئەم چاکەیەتان لەگەڵ گەورەتان، لەگەڵ شاولدا کردووە و ناشتووتانە. ئێستاش با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیتان پیشان بدات، هەروەها منیش ئەم چاکەیەتان لەگەڵدا دەکەم، چونکە ئێوە ئەم کارەتان کرد. ئێستاش بازووتان بەهێز بکەن و ئازابن، چونکە شاولی گەورەتان مردووە و بنەماڵەی یەهودا منیان بە پاشای خۆیان دەستنیشان کردووە.» لەو کاتەدا ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی شاول، ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی بردبوو و پەڕاندبوویەوە بۆ مەحەنەیم و کردبووی بە پاشای گلعاد و ئەشوری و یەزرەعیل و ئەفرایم و بنیامین و هەموو ئیسرائیل. ئیشبۆشەتی کوڕی شاول تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد، تەنها بنەماڵەی یەهودا دوای داود کەوتن.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان