لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم ساموئێل 9:19-23

دووەم ساموئێل 9:19-23 KSS

لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا گەل مشتومڕیان بوو و دەیانگوت: «پاشا لە دەست دوژمنەکانمان فریامان کەوت، ئەو بوو کە لە دەست فەلەستییەکان دەربازی کردین، ئێستاش ئەو بەهۆی ئەبشالۆمەوە لە خاکەکەوە هەڵاتووە. ئەبشالۆمیش ئەوەی بەسەر خۆمانەوە دەستنیشانمان کرد لە جەنگدا مرد، بۆچی سەبارەت بە هێنانەوەی پاشا بێدەنگن؟» داودی پاشا پەیامی بۆ هەردوو کاهینەکە، سادۆق و ئەبیاتار نارد و گوتی: «لەگەڵ پیرانی یەهودا بدوێن و بڵێن: ”بۆچی دواهەمین کەس دەبن لە گەڕاندنەوەی پاشا بۆ کۆشکەکەی، چونکە هەموو ئەوەی ئیسرائیل گوتیان گەیشتە پاشا کە لە ئۆردوگاکەی بوو؟ ئێوە برای منن و لە گۆشت و خوێنی منن، ئیتر بۆچی لە گەڕاندنەوەی پاشا دواهەمین کەس دەبن؟“ هەروەها بە عەماسا بڵێن: ”ئایا تۆ لە گۆشت و خوێنی من نیت؟ با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر لەمەودوا لەلای من لە جێی یۆئاب نەبیتە فەرماندەی گشتی سوپا.“» جا دڵی هەموو پیاوانی یەهودای وەک یەک پیاو بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەوانیش بەدوای پاشادا ناردیان و گوتیان: «خۆت و هەموو خزمەتکارەکانت بگەڕێنەوە.» لەبەر ئەوە پاشا گەڕایەوە و هاتە ڕووباری ئوردون. پیاوانی یەهوداش هاتنە گلگال و چوونە پێشوازی پاشا، بۆ ئەوەی لە ڕووباری ئوردون بپەڕێتەوە. شیمعی کوڕی گێرای بنیامینی کە خەڵکی بەحوریمە، دەستپێشخەری کرد و لەگەڵ پیاوانی یەهودا بۆ پێشوازی داودی پاشا دابەزین، هەزار پیاویش لە بنیامین لەگەڵیدا بوون، لەگەڵ چیڤای خزمەتکاری ماڵی شاول، هەر پازدە کوڕەکەی و بیست خزمەتکارەکەی لەگەڵیدا بوون، هەموویان بە پەلە چوونە سەر ڕووباری ئوردون، بۆ لای پاشا. ئینجا لە تەنکاییەکە پەڕینەوە بۆ ئەوەی ماڵی پاشا بپەڕێننەوە و هەرچییەک پاشا بەلایەوە پەسەند بوو ئەنجامی بدەن. شیمعی کوڕی گێراش کاتێک لە ڕووباری ئوردون پەڕییەوە لەبەردەم پاشادا بە ڕوودا کەوت، بە پاشای گوت: «با گەورەم تاوانم لەسەر نەژمێرێت. ئەو هەڵە گەورەیەی خزمەتکارەکەت بە یاد مەهێنەرەوە کە لە ڕۆژی چوونەدەرەوەی پاشای گەورەم لە ئۆرشەلیم کردی. با پاشا ئەوە لە دڵی خۆی نەگرێت. لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت دەزانێت کە گوناهی کردووە، هەر بۆیە من ئەمڕۆ یەکەم کەسم لە هەموو بنەماڵەی یوسف کە بۆ پێشوازی پاشای گەورەم دابەزیوم.» ئەبیشەی کوڕی چەرویاش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا لەبەر ئەمە نابێت شیمعی بکوژرێت کە نەفرەتی لە دەستنیشانکراوی یەزدان کردووە؟» داودیش گوتی: «کوڕانی چەرویا، ئەمە چ پەیوەندییەکی بە ئێوەوە هەیە؟ بە چ مافێک دەست لە کاروبارم وەردەدەن؟ ئایا ئەمڕۆ کەسێک لە ئیسرائیل بکوژرێت؟ ئایا نازانن من ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیلم؟» ئینجا پاشا بە شیمعی گوت: «تۆ نامریت.» پاشا سوێندی بۆ خوارد.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان