هەروەها مەفیبۆشەتی کوڕەزای شاول بۆ پێشوازی پاشا دابەزی، لەو ڕۆژەی پاشا تێیدا ڕۆیشت هەتا ئەو ڕۆژەی بە سەلامەتی هاتەوە، بایەخی بە قاچەکانی و ڕیشی نەدابوو، جلەکانی نەشوشتبوو. ئەوە بوو کاتێک لە ئۆرشەلیم هاتە پێشوازی پاشا، پاشا پێی گوت: «مەفیبۆشەت، بۆچی لەگەڵمدا نەڕۆیشتیت؟» ئەویش گوتی: «گەورەم، پاشا، چیڤای خزمەتکارەکەم هەڵیخەڵەتاندم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت گوتی: ”گوێدرێژێکم بۆ کورتان بکرێت تاوەکو سواری بم و لەگەڵ پاشادا بچم.“ بەڵام چیڤای خزمەتکارەکەم هەڵیخەڵەتاندم و لەلای پاشای گەورەم بوختانی بەدەم خزمەتکارەکەتەوە کرد. پاشای گەورەشم وەک فریشتەی خودا وایە، جا چیت پێ باشە ئەوە بکە. هەموو بنەماڵەی ئێمە خەڵکانێک بوون شایانی ئەوە بوون کە پاشای گەورەم بیانکوژێت، تۆش خزمەتکارەکەتت خستە نێو ئەو کەسانەی کە لەسەر خوانەکەت دەخۆن، ئیتر بە چ مافێکەوە داواکاریی زیاتر پێشکەش پاشا بکەم؟» پاشاش پێی گوت: «بۆچی قسەی زیاد دەکەیت؟ من گوتم تۆ و چیڤا کێڵگەکە لەنێوانتاندا دابەش بکەن.» مەفیبۆشەتیش بە پاشای گوت: «دوای ئەوەی پاشای گەورەم بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە ماڵەکەی با چیڤا هەمووی بۆ خۆی ببات.» هەروەها بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە دابەزی و لە ڕووباری ئوردون لەگەڵ پاشادا پەڕییەوە، بۆ ئەوەی لەلای ڕووباری ئوردون بەڕێی بکات. بەرزیلەی زۆر پیر ببوو، تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، لە ماوەی مانەوەی پاشا لە مەحەنەیم ئەو ئازووقەی بۆ دابین کردبوو، چونکە پیاوێکی زۆر دەوڵەمەند بوو. لەبەر ئەوە پاشا بە بەرزیلەیی گوت: «تۆش بپەڕەوە و لەگەڵم وەرە ئۆرشەلیم، ئازووقەت بۆ دابین دەکەم.» بەرزیلەییش بە پاشای گوت: «چەند ساڵ لە تەمەنم ماوە تاوەکو لەگەڵ پاشادا سەربکەومە ئۆرشەلیم؟ من ئەمڕۆ تەمەنم هەشتا ساڵە، ئایا دەتوانم چاک و خراپ لە یەک جیا بکەمەوە، ئایا خزمەتکارەکەت چێژ وەردەگرێت لەوەی کە دەیخوات و دەیخواتەوە؟ ئایا گوێم لە دەنگی ژن و پیاوە گۆرانیبێژەکان دەبێت؟ ئیتر بۆچی خزمەتکارەکەت ببێت بە بارگرانی بەسەر پاشای گەورەمەوە؟ خزمەتکارەکەت تەنها کەمێک لە ڕووباری ئوردون بەڕێت دەکات، ئیتر بۆچی پاشا بەم خەڵاتە پاداشتم دەداتەوە؟ لێگەڕێ با خزمەتکارەکەت بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لە شارۆچکەکەی خۆمدا لە نزیک گۆڕی دایک و باوکمەوە بمرم، وا کیمهامی خزمەتکارت لەگەڵ پاشای گەورەمدا دەپەڕێتەوە، تۆش چیت پێ باشە ئەوەی لەگەڵدا بکە.» پاشاش گوتی: «کیمهام لەگەڵمدا دەپەڕێتەوە و ئەوەی تۆ پێت باش بێت لەگەڵیدا دەکەم، ئەوەشی لێم دەخوازیت بۆت دەکەم.» هەموو گەل لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، ئینجا پاشاش پەڕییەوە، پاشا بەرزیلەیی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد، ئەویش گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی. کاتێک پاشا پەڕییەوە گلگال، کیمهامیش لەگەڵیدا پەڕییەوە، هەموو سوپای یەهودا و نیوەی سوپای ئیسرائیل پاشایان پەڕاندەوە. ئیتر هەموو پیاوانی ئیسرائیل دەهاتنە لای پاشا، بە پاشایان دەگوت: «بۆچی براکانمان، پیاوانی یەهودا تۆیان دزی، پاشا و ماڵەکەیان لە ڕووباری ئوردون پەڕاندەوە، هەموو پیاوانی داودیش لەگەڵیدا بوون؟» هەموو پیاوانی یەهوداش وەڵامی پیاوانی ئیسرائیلیان دایەوە و گوتیان: «لەبەر ئەوەی پاشا لە خزمی نزیکی ئێمەیە، ئێوە بەم کارە بەغیلی دەبەن؟ ئایا هیچمان لە پاشا خواردووە، یان هیچی پێ بەخشیوین؟» پیاوانی ئیسرائیلیش وەڵامی پیاوانی یەهودایان دایەوە و گوتیان: «ئێمە دە ئەوەندەی ئێوە بەشمان لەلای پاشا هەیە، ئێمە لە ئێوە زیاتر مافمان بەسەر داودەوە هەیە. ئیتر بۆچی بە سووکایەتییەوە هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا دەکەن؟ ئێمە نەبووین یەکەم جار سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پاشاکەمان قسەمان کرد؟» بەڵام قسەی پیاوانی یەهودا لە قسەی پیاوانی ئیسرائیل ڕەقتر بوو.
دووەم ساموئێل 19 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دووەم ساموئێل 19
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دووەم ساموئێل 24:19-43
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان