لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم ساموئێل 1:15-12

دووەم ساموئێل 1:15-12 KSS

لەدوای ماوەیەک ئەبشالۆم گالیسکە و ئەسپی بۆ خۆی دانا، پەنجا پیاویش لەپێشیەوە ڕایاندەکرد. هەروەها ئەبشالۆم بەیانییان زوو هەڵدەستا و لە قەراغ ڕێگای دەروازەی شارەکە ڕادەوەستا. هەر خاوەن کێشەیەک دەهاتە لای پاشا بۆ بڕیاردان، ئەبشالۆم بانگی دەکرد و لێی دەپرسی: «خەڵکی چ شارێکیت؟» ئەویش وەڵامی دەدایەوە: «خزمەتکارەکەت خەڵکی یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیلە.» ئەبشالۆمیش پێی دەگوت: «تەماشا بکە، داواکەی تۆ دروستە و ڕاستە، بەڵام کەس نییە لەلایەن پاشاوە گوێت لێ بگرێت.» هەروەها ئەبشالۆم دەیگوت: «ئەگەر لەم ناوچەیە من بکەنە دادوەر، ئەوا هەرکەسێک سکاڵا یان داوای هەبێت، دادوەریی بۆ دابین دەکەم.» هەرکەسێک دەهاتە پێشەوە بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببات، ئەبشالۆم دەستی بۆ درێژ دەکرد، دەیگرت و ماچی دەکرد. ئەو ئەم کارەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دەکرد، ئەوانەی بۆ دادوەری دەهاتنە لای پاشا. بەم شێوەیە ئەبشالۆم دڵی گەلی ئیسرائیلی بۆ خۆی ڕاکێشا. پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ ئەبشالۆم بە پاشای گوت: «تکایە ڕێگام بدە بچمە حەبرۆن بۆ ئەوەی نەزرەکەم بەجێبهێنم کە بۆ یەزدان نەزرم کردبوو. خزمەتکارەکەت لە کاتی نیشتەجێبوونی لە گەشووری خاکی ئارام، نەزری کردووە، گوتم: ”ئەگەر یەزدان بە تەواوی بمگەڕێنێتەوە ئۆرشەلیم ئەوا لە حەبرۆن یەزدان دەپەرستم.“» پاشاش گوتی: «بە سەلامەتی بڕۆ.» ئەویش هەستا و چوو بۆ حەبرۆن. ئینجا ئەبشالۆم سیخوڕی بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بڵاو کردەوە و گوتی: «ئەگەر گوێتان لە دەنگی کەڕەنا بوو، بڵێن: ”ئەبشالۆم لە حەبرۆن بووە بە پاشا.“» دوو سەد پیاویش لە ئۆرشەلیمەوە لەگەڵ ئەبشالۆم بەڕێکەوتن کە بانگهێشت کرابوون، بێ ئەوەی هیچ شتێک بزانن بە ساویلکەییەوە ڕۆیشتن. کاتێک ئەبشالۆم قوربانییەکانی پێشکەش دەکرد، ناردی بەدوای ئەحیتۆفەلی گیلۆنیی ڕاوێژکاری داود بۆ ئەوەی لە گیلۆی شارۆچکەکەی خۆیەوە بێتە ئەوێ. جا پیلانەکە بەهێزتر بوو، هەتا دەهات خەڵکەکە زیاتر شوێنی ئەبشالۆم دەکەوتن.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان