لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم ساموئێل 18:14-33

دووەم ساموئێل 18:14-33 KSS

پاشا وەڵامی دایەوە و بە ژنەکەی گوت: «شتێکت لێ دەپرسم، لێم مەشارەوە.» ژنەکەش گوتی: «تکایە، با پاشای گەورەم بفەرموێت.» ئەوسا پاشا گوتی: «ئایا لە هەموو ئەمانەدا دەستی یۆئاب لەگەڵتدایە؟» ژنەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پاشای گەورەم، بە گیانی تۆ هیچ کەس ناتوانێت نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لابدات لە هەموو ئەو شتانەی کە پاشای گەورەم فەرموویەتی، چونکە یۆئابی خزمەتکارت فەرمانی پێ کردم و هەر ئەو هەموو ئەم قسانەی خستە سەر زاری کارەکەرەکەتەوە. یۆئابی خزمەتکارت ئەم کارەی کرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بگۆڕێت. دانایی گەورەم وەک دانایی فریشتەی خودایە هەتا هەموو ئەو شتانەش بزانێت کە لە خاکەکە هەیە.» ئیتر پاشا بە یۆئابی گوت: «ئێستا من بڕیارم دا و بڕۆ ئەو کوڕە گەنجە، ئەبشالۆم بهێنەرەوە.» یۆئابیش کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد و داوای بەرەکەتی بۆ پاشای کرد، یۆئاب گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت دەزانێت کە لەلای تۆ پەسەندە، چونکە پاشا بە قسەی خزمەتکاری خۆی کرد.» ئینجا یۆئاب هەستا و چوو بۆ گەشوور و ئەبشالۆمی هێنایەوە ئۆرشەلیم. بەڵام پاشاش گوتی: «با بچێتە ماڵەکەی خۆی و ڕووم نەبینێت.» لەبەر ئەوە ئەبشالۆم چووە ماڵەکەی خۆی و ڕووی پاشای نەبینی. لە هەموو ئیسرائیلدا لە قۆزی کەس نەبوو وەک ئەبشالۆم بە شانوباڵیدا هەڵبدرێت، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری بێ کەموکوڕی بوو. لە کۆتایی هەموو ساڵێک سەری دەتاشی، چونکە سەری قورس دەبوو، کێشی مووی سەری بەپێی کێشی پاشایەتی دوو سەد شاقل دەبوو. هەروەها ئەبشالۆم سێ کوڕ و کچێکی بوو، ناوی کچەکەش تامار بوو، بووە ئافرەتێکی زۆر جوان. ئەبشالۆم دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە، بەبێ ئەوەی ڕووی پاشا ببینێت. لەبەر ئەوە ئەبشالۆم بەدوای یۆئابدا ناردی تاکو بینێرێتە لای پاشا، بەڵام ئەو نەیویست بێتە لای. دووبارە بەدوایدا ناردییەوە، بەڵام ئەو نەیویست بێت. لەبەر ئەوە بە خزمەتکارەکانی گوت: «تەماشا بکەن، کێڵگەکەی یۆئاب لەتەنیشت ئەوەی منەوەیە و جۆ لەوێ هەیە. بڕۆن و ئاگری تێبەردەن.» ئینجا خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئاگریان لە کێڵگەکە بەردا. ئیتر یۆئاب هەستا و چوو بۆ لای ئەبشالۆم بۆ ماڵەوە و پێی گوت: «بۆچی خزمەتکارەکانت ئاگریان لە کێڵگەکەی من بەردا؟» ئەبشالۆمیش بە یۆئابی گوت: «من بەدوای تۆدا ناردم و گوتم: ”وەرە ئێرە، هەتا بتنێرمە لای پاشا و بڵێیت، ’من بۆچی لە گەشوورەوە هاتمەوە؟ بۆ من چاکتر بوو لەوێ بمێنمەوە!‘ “ ئێستاش دەمەوێت چاوم بە پاشا بکەوێت، ئەگەر تاوانێکی تێمدا بەدیی کرد، با بمکوژێت.» ئیتر یۆئاب چوو بۆ لای پاشا و پێی ڕاگەیاند. ئەویش ئەبشالۆمی بانگکرد و هاتە لای پاشا، لەبەردەم ئەودا کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، پاشاش ئەبشالۆمی ماچکرد.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان