لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پاشایان 38:4-44

دووەم پاشایان 38:4-44 KSS

ئەلیشەع گەڕایەوە گلگال، لەو ناوچەیە قاتوقڕی سەریهەڵدا. کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرەکان لەبەردەمی دانیشتبوون، بە خزمەتکارەکەی گوت: «مەنجەڵە گەورەکە بخە سەر ئاگر و خواردنێک بۆ کۆمەڵی پێغەمبەران ئامادە بکە.» یەکێک چووە دەرەوە بۆ ئەوەی گژوگیا لە کێڵگە بهێنێت، لەوێ بڕکێکی گوژاڵکی بینی و پڕ بە دامێنی لێی ڕنی. کاتێک کە گەڕایەوە، پارچەپارچەی کرد و خستییە ناو مەنجەڵەکەوە، هیچ کەسێکیش بەوەی نەزانی. ئینجا بۆ پیاوەکانیان تێکرد هەتا بیخۆن. ئەوە بوو کە خواردنەکەیان خوارد، هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی پیاوی خودا، مەنجەڵەکە مەرگی تێدایە!» ئیتر نەیانتوانی بیخۆن. ئەلیشەعیش گوتی: «هەندێک ئارد بهێنن.» لەناو مەنجەڵەکەی کرد و گوتی: «بۆ خەڵکەکە تێ بکە، با بیخۆن.» ئیتر مەنجەڵەکە هیچ شتێکی خراپی تێدا نەما. پیاوێک لە بەعل‌شالیشاوە هات، بیست نانی جۆی یەکەمین بەرهەم و هەندێک گوڵەگەنمی نوێی لەناو توورەکەیەکدا بۆ پیاوی خودا هێنا. ئەلیشەعیش گوتی: «بیدە بە خەڵکەکە با بیخۆن.» خزمەتکارەکەی لێی پرسی: «چۆن ئەمە لەبەردەم سەد پیاو دابنێم؟» بەڵام ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «بیدە بە خەڵکەکە با بیخۆن، چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”دەخۆن و لەبەریشیان دەمێنێتەوە.“» ئینجا لەبەردەمیان داینا و خواردیان، لەبەریشیان مایەوە، هەروەک یەزدان فەرمووی.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان