لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پاشایان 20:19-37

دووەم پاشایان 20:19-37 KSS

ئینجا ئیشایای کوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حەزقیا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: گوێم لە نوێژەکەت بوو سەبارەت بە سەنحێریبی پاشای ئاشور. ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان لەسەر ئەو فەرموویەتی: «”سییۆنی کچە پاکیزە بێزت لێ دەکاتەوە و گاڵتەت پێ دەکات. ئۆرشەلیمی کچ، کە تۆ هەڵدێیت پێت پێدەکەنێت. سووکایەتی و کفرت بە کێ کرد؟ دەنگت بەسەر کێدا بەرز کردەوە و چاوەکانت بە فیزەوە هەڵدەبڕیت؟ لەسەر خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل! لەسەر دەستی نێردراوەکانت سووکایەتیت بە پەروەردگار کرد. هەروەها دەڵێیت: ’بە زۆری گالیسکەکانمەوە من سەرکەوتمە سەر بەرزایی چیاکان، هەتا ئەوپەڕی لوبنان. بەرزترین دار ئورز و باشترین دار سنەوبەرم بڕییەوە. چوومە ئەوپەڕی سنوورەکانی، ناو چڕی دارستانەکانی. من لە خاکی بێگانەکان چەندین بیرم لێدا و ئاوم لێیان خواردەوە. بە بنی پێیەکانم هەموو لقەکانی نیلم کوێر کردەوە.‘ «”ئەی گوێت لێ نەبووە؟ من لەمێژە دیاریم کردووە، لە ڕۆژگاری کۆنەوە نەخشەم کێشاوە، ئێستاش دەیهێنمە دی، کە تۆ بێیت شارە قەڵابەندەکان بڕووخێنیت، هەتا ببنە وێرانەیەک لە کەڵەکە بەرد. دانیشتووانەکانیان بێ دەسەڵاتن، ڕەنگ زەرد و شەرمەزار بوون، بوونە گیای کێڵگە، ڕووەکی سەوز، گژوگیای سەربان، هەڵبزڕکاو بەر لەوەی گەشە بکات. «”بەڵام من هەستان و دانیشتنت و کاتی هاتوچۆکەت دەزانم، هەروەها هەڵچوونت لە دژی من. لەبەر ئەوەی هەڵچوونت لێم و خۆبەزلزانیت گەیشتنە گوێم، قولاپەکەم دەخەمە لووتت و لغاوەکەم لە لێوەکانت و بەو ڕێگایەدا دەتنێرمەوە کە لێوەی هاتوویت.“ «ئەی حەزقیا، ئەمەش نیشانەیە بۆ تۆ: «ئەم ساڵ دەغڵی خۆڕسک دەخۆن، ساڵی دووەم ئەوەی لەوەوە بەردەگرێت، بەڵام لە ساڵی سێیەم دەکێڵن و دەدورنەوە و مێو دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن. ئەوانەی لە بنەماڵەی یەهودا دەرباز بوون و ماونەتەوە، جارێکی دیکە لە ژێرەوە ڕەگ دادەکوتن و لە سەرەوەش بەر دەگرن. لە ئۆرشەلیمەوە پاشماوەیەک بڵاو دەبنەوە و دەربازبووانیش لە کێوی سییۆنەوە، دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات. «لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی پاشای ئاشورەوە ئەمە دەفەرموێت: «نایەتە ناو ئەم شارەوە و تیرێکیش بۆ ئەوێ ناهاوێژێت. بە قەڵغانیشەوە لێی نایەتە پێشەوە و سەنگەریشی لێ ناگرێت. نایەتە ناو ئەم شارەوە، بەو ڕێگایەدا دەگەڕێتەوە کە پێیدا هاتووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. بەرگری لەم شارە دەکەم و دەیپارێزم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم.» ئیتر لەو شەوەدا فریشتەی یەزدان هات و سەد و هەشتا و پێنج هەزار کەسی لەناو ئۆردوگای ئاشور کوشت، بەیانی زوو کە هەستان بینییان هەموویان لاشەی مردوون. ئینجا سەنحێریبی پاشای ئاشور دەستی کێشایەوە و ڕۆیشت، گەڕایەوە و لە نەینەوا مایەوە. لەدوای ئەوە، کاتێک سەنحێریب لە پەرستگای نیسرۆخی خوداوەندی کڕنۆشی بردبوو، هەردوو کوڕەکەی، ئەدرەمەلەک و سەرئەچەر، بە شمشێر لێیاندا و ڕایانکرد بۆ خاکی ئارارات. ئیتر ئێسەرحەدۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان