لە ساڵی سێیەمی پاشایەتیی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، حەزقیای کوڕی ئاحاز بوو بە پاشای یەهودا. گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو. بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی. ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە. مارە بڕۆنزییەکەی وردوخاش کرد، ئەوەی موسا دروستی کرد، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانەش نەوەی ئیسرائیل بخووریان بۆ دەسووتاند و ناویان لێ نابوو نەحوشتان. حەزقیا پشتی بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەست، لەنێو هەموو پاشاکانی یەهودا کەس وەک ئەو نەبوو، چ ئەوانەی پێش خۆی و چ ئەوانەی دوای خۆی. ڕێگەی یەزدانی گرتە بەر و لێی لانەدا. فەرمانەکانی پاراست، کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو. یەزدان لەگەڵی بوو، لە هەموو ئەو کارانەی دەیکرد سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا، هەروەها لە پاشای ئاشور یاخی بوو، ملکەچی نەبوو. فەلەستییەکانیشی هەتا غەزە و سنوورەکانی بەزاند، لە قوللەی چاودێرەکانەوە هەتا شاری قەڵابەند. لە ساڵی چوارەمی حەزقیا پاشا، کە دەکاتە ساڵی حەوتەمی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، شەلمەنەسەری پاشای ئاشور لە دژی سامیرە لەشکری جوڵاند و گەمارۆی دا. ئاشورییەکان لەدوای سێ ساڵ سامیرەیان گرت. لە ساڵی شەشەمی حەزقیا کە دەکاتە ساڵی نۆیەمی هۆشێیەعی پاشای ئیسرائیل، سامیرە داگیر کرا. ئینجا پاشای ئاشور ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد و لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی داینان. ئەمە ڕوویدا، چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاری خۆیان نەبوون، بەڵکو پەیمانەکەیان شکاند و هەموو ئەو شتانەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، نە گوێیان لێ گرت و نە کاریشیان پێ کرد.
دووەم پاشایان 18 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دووەم پاشایان 18
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دووەم پاشایان 1:18-12
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان