ئاحاز نێردراوی ناردە لای تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور و گوتی، «من خزمەتکار و لەژێر فەرمانی تۆم، سەربکەوە و لە دەستی پاشای ئارام و پاشای ئیسرائیل ڕزگارم بکە کەوا لێم ڕاست بوونەتەوە.» هەروەها ئاحاز ئەو زێڕ و زیوەی لەناو پەرستگای یەزدان و لەناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشادا بوو بردی و بە دیاری بۆ پاشای ئاشوری نارد. پاشای ئاشوریش بە قسەی کرد و هێرشی کردە سەر دیمەشق و داگیری کرد. خەڵکەکەی ڕاپێچی قییر کرد، ڕەچینیشی کوشت. پاشان ئاحاز پاشا چوو بۆ دیمەشق بۆ ئەوەی چاوی بە تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور بکەوێت. ئەو لە دیمەشق قوربانگایەکی بینی، ئیتر نەخشەی قوربانگاکە و بیناسازییەکەی بە هەموو وردەکاری دروستکردنەوە، بۆ ئوریای کاهینی نارد. ئوریای کاهینیش قوربانگایەکی بنیاد نا هەروەک ئەوەی ئاحازی پاشا لە دیمەشقەوە ناردی، ئوریای کاهین ئەوەی کرد هەتا ئاحازی پاشا لە دیمەشق هاتەوە. کاتێک پاشا لە دیمەشق هاتەوە و قوربانگاکەی بینی، لێی نزیک بووەوە و پێشکەشکراوەکانی لەسەر پێشکەش کرد. قوربانی سووتاندنەکەی و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەسەر سووتاند، شەرابە پێشکەشکراوەکەی ڕشت، خوێنی قوربانی هاوبەشییەکەی خۆی بەسەر قوربانگاکە پرژاند. قوربانگا بڕۆنزییەکەی بەردەم یەزدانیش، ئەوەی لەبەردەم پەرستگاکە بوو لەنێوان قوربانگاکە و پەرستگای یەزدان، بردی لەلای باکووری قوربانگا نوێیەکە داینا. ئینجا ئاحاز پاشا فەرمانی بە ئوریای کاهین کرد و پێی گوت: «لەسەر قوربانگا نوێیە گەورەکە، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی ئێواران، قوربانی سووتاندنی پاشا، پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانی، قوربانی سووتاندنی هەموو خەڵکی خاکەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانیان لەسەری دەسووتێنیت. هەروەها شەرابە پێشکەشکراوەکەیان و خوێنی هەموو قوربانی سووتاندنێک و هەموو قوربانی سەربڕاوێکی لەسەر دەپرژێنیت. بەڵام من قوربانگا بڕۆنزییەکە بەکاردەهێنم بۆ داواکردنی ڕێنمایی لە خودا.» ئوریای کاهینیش هەمان ئەوەی کرد کە ئاحازی پاشا فەرمانی پێ کرد. پاشان ئاحاز پاشا تەختەداری عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوەشی بڕییەوە و دەستشۆرەکەی لەسەری لابرد، حەوزە بڕۆنزییەکەشی لەسەر گایە بڕۆنزییەکان هێنایە خوارەوە کە لە ژێری بوون و لەسەر جێگایەکی بەردڕێژکراو دانا. بەڵام ئاحاز لە پێناو ڕەزامەندی پاشای ئاشور کەپری شەممەی لادا کە لەناو پەرستگای یەزدان دروستکرابوو، ئەو دەروازەیەشی داخست کە پاشا لێیەوە دەهاتە ژوورەوە.
دووەم پاشایان 16 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دووەم پاشایان 16
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دووەم پاشایان 7:16-18
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان