کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمانی بیست، هاتە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە. بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد. سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ سلێمان قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە. کاتێک شاژنی شەبا دانایی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو، هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکان و جلوبەرگەکانیان و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە سەرسام بوو. بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە. بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەی داناییە زۆرەکەی تۆم پێ ڕانەگەیەنراوە، زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم. خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن. ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەخت دایناویت ببیتە پاشا بۆ یەزدانی پەروەردگارت. خوداکەت لەبەر ئەوەی ئیسرائیلی خۆشویستووە و ویستی هەتاهەتایە جێگیری بکات، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.» ئینجا سەد و بیست تالنت زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد. هەروەها خزمەتکارەکانی حیرام و خزمەتکارەکانی سلێمان، ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هێنابوو، دار ئەلگوم و بەردی گرانبەهاشیان هێنابوو. پاشا لەو دار ئەلگومانە پێپلیکانەی بۆ پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان، وەک ئەو دارانە پێشتر لە خاکی یەهودا نەبینرابوون. سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەوەی پاشا پێیدا لە بەرامبەر ئەوەی بۆی هێنابوو. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.
دووەم پوختەی مێژوو 9 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دووەم پوختەی مێژوو 9
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دووەم پوختەی مێژوو 1:9-12
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان