یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا. لە هەشتەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا کە هێشتا مێردمنداڵ بوو، ڕووی لە خودای داودی باپیرە گەورەی کرد. لە دوازدەیەمین ساڵیدا دەستی بە پاککردنەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم کرد لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکان. لەبەردەمیدا قوربانگاکانی بەعلیان ڕووخاند و قوربانگاکانی بخوور کە لە سەرەوە لەسەریان دانرا بوون پارچەپارچەی کردن، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکانی شکاند و کوتای و بە بای کردن بەسەر گۆڕی ئەوانەی قوربانییان بۆ سەردەبڕین. ئێسکی کاهینەکانیشی لەسەر قوربانگاکانیان سووتاند و یەهودا و ئۆرشەلیمی پاککردەوە. لە شارۆچکەکانی مەنەشە و ئەفرایم و شیمۆن و هەتا نەفتالی، هەروەها لە کەلاوەکانی دەوروبەریان قوربانگاکان و ستوونە ئەشێراکانی ڕووخاند و پەیکەری بتەکانی ورد کوتی و هەموو قوربانگاکانی بخووریشی پارچەپارچە کرد. لە هەموو خاکی ئیسرائیلدا بەو شێوەیەی کرد، ئینجا گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم. هەروەها لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیادا، پاش ئەوەی خاکەکە و پەرستگاکەی پاککردەوە، شافانی کوڕی ئەچەلیاهو و مەعسێیاهوی سەرۆکی شارەکە و یۆئاحی کوڕی یۆئاحازی تۆمارکاری نارد، بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری خۆی. ئەوانیش هاتن بۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین و ئەو زیوەیان پێیدا کە هاتووەتە ناو پەرستگای خوداوە، ئەوەی لێڤییەکان چاودێرانی دەرگاکان لە خەڵکی مەنەشە و ئەفرایم و هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیل مابوونەوە کۆیان کردبوونەوە، هەروەها لە هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و دانیشتووانی ئۆرشەلیم. ئینجا دایانە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش دایانە ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد، بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە. هەروەها دایانە دارتاش و بیناسازەکان هەتا بەردی داتاشراو و داری پێ بکڕن بۆ کاریتە و دارەڕای بنمێچی ئەو تەلارانەی کە بەهۆی کەمتەرخەمی پاشاکانی یەهوداوە، وێران ببوون. پیاوەکان بە دەستپاکییەوە کارەکەیان دەکرد، لەژێر سەرپەرشتی یەحەت و عۆبەدیا کە هەردووکیان لێڤی و سەر بە نەوەی مەراری بوون و زەکەریا و مەشولام سەر بە نەوەی قەهاتییەکان بۆ سەرپەرشتی. لە لێڤییەکانیش هەموو ئەوانەی لە ئامێرە مۆسیقییەکان شارەزا بوون سەرپەرشتیار بوون بەسەر کۆڵکێشەکان و بەسەر هەموو ئەوانەی کارەکەیان دەکرد، لە خزمەتە جۆراوجۆرەکان، هەروەها لە لێڤییەکان خامەی نهێنی و سەرقەڵەم و دەرگاوانیان تێدابوو.
دووەم پوختەی مێژوو 34 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دووەم پوختەی مێژوو 34
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دووەم پوختەی مێژوو 1:34-13
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان