لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 24:32-33

دووەم پوختەی مێژوو 24:32-33 KSS

لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، نوێژی بۆ یەزدان کرد و ئەویش وەڵامی دایەوە و پەرجووێکی وەکو نیشانە پێدا. بەڵام حەزقیا بەو شێوەیەی چاکەی لەگەڵ کرابوو کاردانەوەی نەبوو، چونکە لەخۆبایی ببوو، لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانی هێنایە سەر خۆی و یەهودا و ئۆرشەلیم. ئینجا حەزقیا تۆبەی لە لەخۆباییبوونەکەی کرد، خۆی و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش، لەبەر ئەوە لە ماوەی پاشایەتی حەزقیا تووڕەییەکەی یەزدان بەسەریاندا نەهات. حەزقیا دەوڵەمەندی و ڕێزێکی زۆری هەبوو، گەنجینەی بۆ زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و بۆنوبەرام و قەڵغان و هەموو شتێکی بەهاداری بۆ خۆی دروستکرد. کۆگا بۆ بەروبوومەکانی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، پشتیریش بۆ هەموو جۆرە ئاژەڵێک و بۆ مێگەلەکانیش. هەروەها چەند گوندێکی بنیاد نا و بووە خاوەنی مەڕوماڵات و مانگایەکی زۆر، چونکە خودا سامانێکی زۆری پێدابوو. حەزقیا بوو کە ڕێڕەوی سەرووی ئاوی گیحۆنی گرتەوە، بە جۆگایەک لەژێر زەوی بۆ بەری ڕۆژئاوای شاری داود بردی، هەروەها لە هەموو کارەکانی سەرکەوتوو بوو. بەڵام کاتێک سەرکردەکانی بابل باڵوێزیان نارد بۆ ئەوەی سەبارەت بەو نیشانەیە لێی بپرسن کە لە خاکەکەدا ڕوویدابوو، خودا وازی لێ هێنا بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە هەتا هەموو ئەوەی لە دڵیدایە بیزانێت. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا و کارە چاکەکانی، لە بینینەکەی ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ، لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیلدا تۆمار کراون. حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە بەشی سەرەوەی گۆڕستانی نەوەی داود ناشتیان، لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕێزیان لێ گرت. ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.