لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 4:13-12

دووەم پوختەی مێژوو 4:13-12 KSS

ئەبیا لەسەر کێوی چەمارایم کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە ڕاوەستا و گوتی: «یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل گوێم لێ بگرن! ئایا نازانن کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پاشایەتی ئیسرائیلی بە پەیمانی نمەک بە داود و نەوەکانی داوە بۆ هەتاهەتایە؟ کەچی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، خزمەتکاری سلێمانی کوڕی داود هەستا و لە گەورەکەی یاخی بوو، جا کۆمەڵێک پیاوخراپ و سووکوچروک لێی کۆبوونەوە و خۆیان لە دژی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بەهێز کرد و ڕەحەڤەعامیش گەنجێکی پێنەگەیشتوو بوو و خۆی لەبەردەمیاندا نەگرت. «ئێستاش ئێوە دەڵێن کە خۆتان لەبەردەم پاشایەتی یەزداندا ڕادەگرن کە بە دەستی نەوەی داودەوەیە. ڕاستە ئێوە کۆمەڵێکی زۆرن و گوێرەکە زێڕەکانیشتان لەگەڵدایە کە یارۆڤعام کردوونی بە خوداوەندەکانتان. بەڵام ئایا ئێوە کاهینەکانی یەزدان، نەوەکانی هارون و لێڤییەکانتان دەرنەکرد و وەک گەلانی خاکەکانی دیکە کاهینتان بۆ خۆتان دانەنا؟ ئەوەی بێت بۆ خۆتەرخانکردن بە جوانەگایەک و حەوت بەرانەوە، دەبێت بە کاهینی ئەوانەی کە خودا نین. «بەڵام سەبارەت بە ئێمە یەزدان خودامانە و وازمان لێ نەهێناوە. ئەو کاهینانەی کە خزمەتی یەزدان دەکەن، ئەوان نەوەی هارون و لێڤییەکان یارمەتییان دەدەن. هەموو بەیانییەک و ئێوارەیەک قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکەن، بخووری بۆنخۆش دەسووتێنن و نانی تەرخانکراویش لەسەر مێزە زێڕە بێگەردەکە دادەنێن، چرادانە زێڕەکە و چراکانیشی هەموو ئێوارەیەک دادەگیرسێنن، چونکە ئێمە فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆمان پاراستووە، بەڵام ئێوە وازتان لێ هێناوە. خودا لەگەڵماندایە و ئەو سەرکردەمانە. کاهینەکانی بە کەڕەنا دەستپێکی جەنگ لە دژی ئێوە ڕادەگەیەنن. جا ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە دژی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان مەجەنگن، چونکە سەرکەوتوو نابن.»