لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 7:8-22

یەکەم ساموئێل 7:8-22 KSS

یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگی ئەم گەلە بگرە لە هەموو ئەوەی کە پێت دەڵێن، چونکە ئەوان تۆیان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو منیان ڕەتکردووەتەوە، وەک پاشایان. ئەوان ئێستا وا ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن هەروەک لەگەڵ من کردیان لەو ڕۆژەی لە میسرەوە دەرمهێنان هەتا ئەمڕۆ، وازیان لە من هێنا و خودای دیکەیان پەرست. ئێستاش گوێ لە دەنگیان بگرە، بەڵام بە ڕاستی ئاگاداریان بکەرەوە و ماف و داواکارییەکانی ئەو پاشایەیان پێ ڕابگەیەنە کە حوکمڕانییان دەکات.» ئینجا ساموئێل هەموو وشەکانی یەزدانی بەو خەڵکە گوت کە داوای پاشایان لێکرد. گوتی: «ئاوا دەبێت مافەکانی ئەو پاشایەی دەبێتە پاشاتان، کوڕەکانتان دەبات و دایاندەنێت بۆ گالیسکەکانی و بۆ سوارەکانی و لەپێش گالیسکەکانییەوە ڕادەکەن. هەندێک وەک فەرماندەی هەزاران و پەنجاکان بۆ خۆی دادەنێت، هەندێکیش بۆ کێڵانی زەوییەکەی و دروێنەکردنی بەروبوومەکەی، هەندێکی دیکەشیان دادەنێت چەکی جەنگ و کەلوپەلی گالیسکەکانی بۆ دروستبکەن. کچەکانیشتان دەبات ببن بە بۆنگرەوە و چێشتلێنەر و نانکەر. باشترین کێڵگە و ڕەزی مێو و باخی زەیتوونەکانیشتان دەبات و دەیدات بە خزمەتکارەکانی. دەیەکی دانەوێڵە و ڕەزەمێوەکانتان دەبات و دەیداتە کاربەدەست و خزمەتکارەکانی. کۆیلە و کەنیزە و باشترین گا و گوێدرێژەکانتان دەبات و بۆ ئیشوکاری خۆی بەکاریاندەهێنێت. دەیەکی مەڕوماڵاتتان دەبات و ئێوە دەبنە کۆیلەی ئەو. جا لەو ڕۆژەدا لەبەر پاشاکەتان هاوار دەکەن کە خۆتان هەڵتانبژاردووە، یەزدانیش لەو ڕۆژەدا وەڵامتان ناداتەوە.» بەڵام گەل گوێیان لە ساموئێل نەگرت و گوتیان: «نەخێر! ئێمە پاشایەکمان دەوێت پاشایەتیمان بکات، تاکو ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بین، پاشایەک ڕابەرایەتیمان بکات و لەپێشمانەوە بڕوات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.» جا ساموئێل گوێی لە هەموو قسەکانی گەل گرت و هەمووشی بۆ یەزدان گێڕایەوە. یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگیان بگرە و پاشایەکیان بۆ دابنێ.» ئینجا ساموئێل بە پیاوانی ئیسرائیلی گوت: «با هەرکەسە و بەرەو شارۆچکەکەی خۆی بڕواتەوە.»