لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 1:30-19

یەکەم ساموئێل 1:30-19 KSS

کاتێک داود و پیاوەکانی لە ڕۆژی سێیەم گەیشتنە چیقلەگ، عەمالێقییەکان پەلاماری نەقەب و چیقلەگیان دابوو. لە چیقلەگیان دابوو و ئاگریان تێبەردابوو، بچووک و گەورە و ئافرەتەکانیشیان ڕاپێچ کرد، هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، کەسیان نەکوشتبوو، بەڵکو دابوویانە پێش خۆیان و بە ڕێگای خۆیاندا چووبوون. داود و پیاوەکانی چوونە ناو چیقلەگ، بینییان سووتێنراوە و ژن و کوڕ و کچەکانیان ڕاپێچ کراون. لەبەر ئەوە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەتا ئەوەی هێزی گریانیان نەما. هەردوو ژنەکەی داود ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی بێوەژنەکەی نابالی کارمەلیش ڕاپێچ کرابوون. داود زۆر پەرێشان بوو، لەبەر ئەوەی پیاوەکانی گوتیان، «با بەردبارانی بکەین،» چونکە هەریەکیان بۆ کوڕ و کچەکانیان داخ لە دڵ بوون، بەڵام داود بەهۆی پشتبەستنی بە یەزدانی پەروەردگار، بەهێز بوو. ئینجا داود بە ئەبیاتاری کاهینی کوڕی ئەحیمەلەخی گوت: «تکایە ئێفۆدەکەم بۆ بهێنە پێشەوە.» ئەبیاتاریش ئێفۆدەکەی بۆ داود هێنا. داود پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بەدوای ئەو چەتانە بکەوم؟ ئەگەر بەدوایان بکەوم پێیان دەگەم؟» ئەویش فەرمووی: «بەدوایان بکەوە، پێیان دەگەیت و ڕاپێچکراوەکانیش دەرباز دەکەیت.» جا داود و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون بەڕێکەوتن و چوونە شیوی بەسۆر. لەوێ چەند پیاوێک بەجێمان، لەبەر ماندووبوونیان نەیانتوانی لە شیوی بەسۆر بپەڕنەوە، کە دوو سەد پیاو بوون. بەڵام داود لەگەڵ چوار سەد پیاو بەردەوام بوون لە ڕاونان. لە دەشتەکە تووشی پیاوێکی میسری بوون، بردیان بۆ لای داود، نانیان پێدا و خواردی و ئاویان دەرخواردی دا. ئینجا نانە هەنجیرێک و دوو هێشووە کشمیشیان پێدا، خواردی و ڕۆحی بەبەردا هاتەوە، چونکە سێ ڕۆژ و سێ شەو نانی نەخواردبوو و ئاوی نەخواردبووەوە. داود لێی پرسی: «تۆ سەر بە کێیت و لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش گوتی: «من گەنجێکی میسریم و کۆیلەی پیاوێکی عەمالێقیم، گەورەکەم سێ ڕۆژ لەمەوپێش وازی لێ هێنام، چونکە نەخۆش کەوتم. ئێمە پەلاماری نەقەبی کریتییەکان و خاکی یەهودا و نەقەبی کالێبمان دا، چیقلەگیشمان سووتاند.» داودیش پێی گوت: «بۆ لای ئەو چەتانە دەمبەیتە خوارەوە؟» ئەویش گوتی: «بە خودا سوێندم بۆ بخۆ کە نامکوژیت و نامدەیتەوە دەست گەورەکەم، منیش دەتبەمە خوارەوە بۆ لای ئەو چەتانە.» ئینجا داودی بردە خوارەوە و ئەویش بینی وا هەموویان بەسەر تەواوی ڕووی زەوییەکەدا بڵاو بوونەتەوە، دەخۆن و دەخۆنەوە و سەما دەکەن، لەبەر هەموو ئەو دەستکەوتە گەورەیەی لە خاکی فەلەستییەکان و یەهوداوە بردبوویان. جا داود لە زەردەپەڕدا هەتا ئێوارەی ڕۆژی دواتر لێیدان و پیاوێکیان لێ دەرباز نەبوو، جگە لە چوار سەد گەنج کە سواری وشتر بوون و هەڵاتن. داودیش هەموو ئەوەی عەمالێقییەکان بردبوویان بە دەستی هێنایەوە، داود دوو ژنەکەی خۆی دەرباز کرد، هیچ شتێکیان لە دەست نەدا، نە بچووک و نە گەورە و نە کوڕ و نە کچ، نە دەستکەوت و نە هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لێیان بردرابوو، بەڵکو داود هەمووی گەڕاندەوە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان