یەکەم ساموئێل 29
29
ناردنەوەی داود بۆ چیقلەگ
1فەلەستییەکان هەموو لەشکرەکانیان لە ئەفێق کۆکردەوە، ئیسرائیلییەکانیش لەسەر ئەو کانییەی لە یەزرەعیل بوو خێوەتگایان دامەزران. 2ئینجا حوکمڕانە#29:2 بڕوانە ڕابەران 3:3. فەلەستییەکان بە یەکەکانی سەدان و هەزاران تێپەڕ بوون، داود و پیاوەکانیش لە دوایانەوە لەگەڵ ئاخیش تێپەڕین. 3جا سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: «ئەو عیبرانیانە چین؟»
ئاخیش بە سەرلەشکرە فەلەستییەکانی گوت: «ئەی ئەمە داودی پیاوی شاولی پاشای ئیسرائیل نەبوو؟ ئەوە زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵمدایە، لەو کاتەوەی هاتووەتە پاڵمان هەتا ئەمڕۆ هیچم لێ نەبینیوە.»
4بەڵام سەرلەشکرە فەلەستییەکان لێی تووڕە بوون و پێیان گوت: «ئەم پیاوە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆت دیاری کردووە. نابێت لەگەڵمان بێت بۆ جەنگ، ئەگینا لە کاتی شەڕدا لە دژمان هەڵدەگەڕێتەوە. چ شتێک لە سەری ئەم پیاوانەی ئێمە باشتر دەتوانێت دووبارە متمانەی گەورەکەی بەدەست بهێنێتەوە؟ 5ئەی ئەمە ئەو داودە نییە کە ئافرەتان بەدەم سەماوە گۆرانییان بۆی دەگوت:
«”شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار.“»
6ئینجا ئاخیش داودی بانگکرد و پێی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، تۆ سەرڕاستیت، ئەگەر بێت و لەگەڵ من خزمەتی سەربازی بکەی، لەلام پەسەندە، چونکە لەو ڕۆژەوەی هاتوویت بۆ لام هەتا ئەمڕۆ هیچ خراپەیەکم لە تۆدا نەبینیوە، بەڵام بەلای فەرماندە فەلەستییەکانەوە پەسەند نیت. 7ئێستا بگەڕێوە و بە سەلامەتی بڕۆ، هیچ خراپەیەک لەبەرچاوی فەرماندە فەلەستییەکاندا مەکە.»
8ئینجا داود بە ئاخیشی گوت: «من چیم کردووە، لەو ڕۆژەوەی بۆ لات هاتووم هەتا ئەمڕۆ چیت لە خزمەتکارەکەت بینیوە، هەتا نەیەم و جەنگ لە دژی دوژمنەکانی پاشای گەورەم نەکەم؟»
9ئاخیشیش وەڵامی دایەوە و بە داودی گوت: «من دەزانم تۆ لەلای من پەسەندیت، لەلای من وەک فریشتەی خودایت، بەڵام سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: ”نابێت لەگەڵماندا بۆ جەنگ دابەزێت.“ 10ئێستاش بەیانی زوو هەستە و لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەت ئەوانەی لەگەڵتدا هاتوون، لەگەڵ ڕۆشنایی بەرەبەیاندا بڕۆن.»
11ئینجا بەیانی زوو داود و پیاوەکانی هەستان بۆ ئەوەی لە بەرەبەیان بەڕێ بکەون و بگەڕێنەوە خاکی فەلەستییەکان، فەلەستییەکانیش بۆ یەزرەعیل سەرکەوتن.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
یەکەم ساموئێل 29: KSS
بەرچاوکردن
هاوبەشی بکە
لەبەرگرتنەوە
![None](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimageproxy.youversionapi.com%2F58%2Fhttps%3A%2F%2Fweb-assets.youversion.com%2Fapp-icons%2Fckb.png&w=128&q=75)
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.