ئینجا شاول لە هەموو ئیسرائیلدا سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی برد و چوو بۆ گەڕان بەدوای داود و پیاوەکانی، لەسەر هەڵدێرەکانی بزنە کێوییەکان. شاول هاتە لای پەرژینە مەڕەکانی سەر ڕێگاکە، لەوێدا ئەشکەوتێکی لێبوو، چووە ژوورەوە هەتا دەست بەئاوبگەیەنێت. داود و پیاوەکانیشی لە قووڵایی ئەشکەوتەکەدا دانیشتبوون. پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان پێی فەرمووی: ”من دوژمنەکانت دەدەمە دەستت، تۆش ئەوەی پێت باشە پێیانی دەکەیت.“» داودیش هەستا و بەدزییەوە لایەکی کەواکەی شاولی بڕی. پاش ئەمە، دڵی داود ئازاری دا، لەبەر ئەوەی لایەکی کەواکەی شاولی بڕی. جا بە پیاوەکانی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە بە دوور بێت کە کاری وا بە گەورەکەم بکەم، دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەگەر دەستی بۆ درێژ بکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.» داود بەم قسانە پیاوەکانی سەرزەنشت کرد و ڕێگای پێنەدان بۆ هێرشکردنە سەر شاول، شاولیش لە ئەشکەوتەکە هەستا و ڕێگای خۆی گرتەبەر. پاش ئەمە داود هەستا و لە ئەشکەوتەکە چووە دەرەوە، بەدوای شاولدا هاواری کرد و گوتی: «پاشای گەورەم!» کاتێک شاول بەرەو دواوە ئاوڕی دایەوە، داود سەری دانەواند و کڕنۆشی برد. ئینجا داود بە شاولی گوت: «بۆچی گوێ لە قسەی خەڵک دەگریت، ئەوانەی دەڵێن: ”ئەوەتا داود خراپەی تۆی دەوێت“؟ ئەوەتا ئەمڕۆ بە چاوەکانی خۆت بینیت کە چۆن یەزدان ئەمڕۆ تۆی لەو ئەشکەوتەدا دایە دەستم. پێم گوترا کە بتکوژم، بەڵام من بەزەییم پێتدا هاتەوە و گوتم: ”دەستم بۆ گەورەم درێژ ناکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.“ باوکە، تەماشا بکە، تەماشا دامێنی کەواکەت بەدەستمەوەیە! من دامێنی کەواکەی تۆم بڕی بەڵام نەمکوشتیت، بزانە و ببینە کە من هیچ خراپە و ناپاکییەکم نییە، دەرهەق بە تۆ تاوانبار نیم. کەچی تۆ ڕاوم دەنێی هەتا بمکوژیت.
یەکەم ساموئێل 24 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم ساموئێل 24
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم ساموئێل 2:24-11
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان