لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 45:17-51

یەکەم ساموئێل 45:17-51 KSS

داودیش بە فەلەستییەکەی گوت: «تۆ بە شمشێر و ڕم و تیر بۆم دێیت، بەڵام منیش بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە بۆت دێم، خودای سوپای ئیسرائیل، ئەوەی تەحەدات کرد. ئەمڕۆ یەزدان لە دەستمدا بەندت دەکات و دەتکوژم و سەرت لێ دەکەمەوە، ئەمڕۆ لاشەکانی سوپای فەلەستییەکان بە باڵندەکانی ئاسمان و ئاژەڵەکانی زەوی دەدەم، جا هەموو زەوی دەزانێت کە ئیسرائیل خودای هەیە. هەموو ئەم کۆمەڵەش دەزانن کە ڕزگاریی یەزدان بە شمشێر و ڕم نییە، چونکە ئەم جەنگە هی یەزدانە و ئێوەمان دەداتە دەست.» جا کاتێک فەلەستییەکە نزیک بووەوە بۆ هێرشکردنە سەر داود، داود بە پەلە ڕووەو ڕیزی جەنگەکە ڕایکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە. داود دەستی بۆ توورەکەکەی درێژکرد و بەردێکی لێ دەرهێنا و بە قۆچەقانییەکەی تێی گرت و لە ناوچەوانی فەلەستییەکەی دا، بەردەکە لە ناوچەوانی چەقی و بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی. بەم جۆرە داود بە قۆچەقانی و بە بەرد بەسەر فەلەستییەکەدا سەرکەوت، کاتێک لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی، داود هیچ شمشێری بەدەستەوە نەبوو. ئینجا داود ڕایکرد و چووە سەر فەلەستییەکە، شمشێرەکەی هەڵگرت و لە کێلانەکەیەوە ڕایکێشا، کوشتی و بە شمشێرەکەی سەری لێکردەوە. کاتێک فەلەستییەکان بینییان وا پاڵەوانەکەیان مردووە، هەڵاتن.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان