ئەوە بوو فەلەستییەکان هێزەکانیان بۆ جەنگ کۆکردەوە و لە سۆکۆی یەهودا کۆبوونەوە، لەنێوان سۆکۆ و عەزێقا لە ئەفەس دەمیم خێوەتگایان هەڵدا. شاول و پیاوانی ئیسرائیلیش لە دۆڵی ئێلە کۆبوونەوە و خێوەتگایان بۆ جەنگ هەڵدا، بەرەیان بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فەلەستییەکان. جا فەلەستی و ئیسرائیلییەکان لەسەر دوو گردی بەرامبەر یەکتر ڕاوەستابوون، دۆڵێکیشیان لەنێوان بوو. پاڵەوانێکی خەڵکی گەت کە ناوی گۆلیات بوو لەناو خێوەتگای فەلەستییەکان هاتە دەرەوە، درێژییەکەی شەش باڵ و بستێک بوو. کڵاوێکی بڕۆنز لەسەری و زرێیەکی پولەکەداریشی لەبەردا بوو، کێشی زرێیەکە پێنج هەزار شاقل بڕۆنز بوو. هەروەها پارچەیەک بڕۆنز لولاقی پۆشیبوو، تیرێکی بڕۆنزیش لەنێو شانەکانی بوو، دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان وابوو، نووکەکەشی شەش سەد شاقل ئاسن بوو، هەڵگری قەڵغانەکەی لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت. جا گۆلیات وەستا و بانگی ڕیزەکانی ئیسرائیلی کرد و پێی گوتن: «بۆچی هاتوونەتە دەرەوە تاکو بۆ جەنگ ڕیزببەستن؟ ئایا من فەلەستی و ئێوەش خزمەتکارانی شاول نین؟ جا پیاوێک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و با بۆم بێتە خوارەوە. ئەگەر توانی لەگەڵمدا بجەنگێت و بمکوژێت، ئەوا دەبینە خزمەتکارتان، بەڵام ئەگەر من بەسەریدا زاڵ بووم و کوشتم، ئەوا ئێوە دەبنە خزمەتکارمان و خزمەتمان دەکەن.» ئینجا فەلەستییەکە گوتی: «من ئەمڕۆ تەحەدای ڕیزەکانی ئیسرائیل دەکەم، پیاوێکم بدەنێ بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ یەکتری بجەنگین.» کاتێک شاول و هەموو ئیسرائیل گوێیان لە قسەکانی فەلەستییەکە بوو، سڵەمینەوە و زۆر ترسان. داودی کوڕی یەسای ئەفراتی، لە بێتلەحمی یەهودا بوو. یەسا هەشت کوڕی هەبوو، لە ماوەی پاشایەتی شاولدا لە تەمەنی پیریدا بوو. هەر سێ کوڕە گەورەکەی یەسا بۆ جەنگ دوای شاول کەوتبوون، ناوی سێ کوڕەکەی کە بۆ جەنگ چووبوون، ئەلیاب نۆبەرەکە و دووەمیان ئەبیناداب و سێیەمیان شەمما بوو. داودیش بچووکترینیان بوو، سێ کوڕە گەورەکەش دوای شاول کەوتبوون. جا داود هاتوچۆی دەکرد، ناوبەناو لەلای شاول دەگەڕایەوە بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکی لە بێتلەحم. بۆ ماوەی چل ڕۆژ، بەیانییان و ئێواران، فەلەستییەکە دەهاتە پێش و دەوەستا. ئەوە بوو یەسا بە داودی کوڕی گوت: «ئێستا ئێفەیەک لەم دانەوێڵە برژاوە و ئەم دە نانە بۆ براکانت ببە و ڕابکە بۆ خێوەتگاکەیان، ئەم دە پارچە پەنیرەش بە فەرماندەی یەکەکە بدە و سەلامەتی براکانت بەسەربکەوە و نیشانەیەکیان لێ وەربگرە. شاول و ئەوان و هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە دۆڵی ئێلە لە دژی فەلەستییەکان دەجەنگان.» بەیانی زوو داود لە خەو هەستا و مەڕەکانی لەلای پاسەوانێک بەجێهێشت، بارگەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت، هەروەک یەسای باوکی فەرمانی پێ کردبوو. لە هەمان ئەو کاتەدا گەیشتە خێوەتگاکە کە سوپا بۆ بەرەکانی جەنگ دەچوون و نەعرەتەی جەنگیان دەکێشا. جا ئیسرائیل و فەلەستییەکان ڕیزیان دەبەست، ڕیز بەرامبەر ڕیز. داودیش شتومەکەکەی کە پێی بوو بە پاسەوانی شتومەکەکان سپارد، بۆ بەرەی جەنگ ڕایکرد، هات و لە سەلامەتی براکانی پرسی. کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردن، پاڵەوانەکەی خەڵکی گەت، گۆلیاتی فەلەستی لە بەرەی فەلەستییەکانەوە هاتە پێشەوە، بە هەمان شێوازی پێشوو هاواری کرد، داودیش گوێی لێبوو. هەموو پیاوانی ئیسرائیلیش کە پیاوەکەیان بینی زۆر ترسان و لێی هەڵاتن. پیاوانی ئیسرائیل قسەیان دەکرد و دەیانگوت: «ئەو پیاوەتان بینی کە هاتە پێشەوە؟ بۆ تەحەداکردنی ئیسرائیل بوو. ئەو پیاوەی بیکوژێت پاشا زۆر دەوڵەمەندی دەکات و کچەکەی خۆی دەداتێ، ماڵی باوکیشی لە ئیسرائیل لە باج دەبەخشرێت.» داودیش بەو پیاوانەی گوت کە لەگەڵی ڕاوەستابوون: «چی دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی ئەو فەلەستییە بکوژێت، ئەو شەرمەزارییە لەسەر ئیسرائیل لاببات؟ ئەو فەلەستییە خەتەنەنەکراوە کێیە هەتا تەحەدای سوپای خودای زیندوو بکات؟» ئەوانیش قسەکەیان بۆ دووبارە کردەوە کە دەیانگوت، پێیان گوت: «ئاوا دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی کە ئەمە بکوژێت.» کاتێک ئەلیابی برا گەورەی گوێی لێبوو کە داود لەگەڵ پیاوەکان قسە دەکات، ئەلیاب زۆر لێی تووڕە بوو و گوتی: «بۆ دابەزیت؟ ئەو کەمە مەڕەت لە چۆڵەوانیدا بەسەر کێدا بەجێهێشت؟ من دەزانم چەند لەخۆباییت و دڵت چەند خراپە، چونکە تۆ تەنها بۆ تەماشاکردنی جەنگەکە دابەزیویت.» داودیش گوتی: «ئێستا من چیم کردووە؟ هەر قسەکردن نییە؟» ئینجا لەلای ئەو چوو بۆ لای یەکێکی دیکە و هەمان قسەی کردەوە و جەنگاوەرەکانیش هەمان وەڵامیان دایەوە.
یەکەم ساموئێل 17 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم ساموئێل 17
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم ساموئێل 1:17-30
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان