لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 1:15-23

یەکەم ساموئێل 1:15-23 KSS

ساموئێل بە شاولی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی تۆ وەک پاشایەک دەستنیشان بکەم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەی. جا ئێستا گوێت لە فەرمایشتی یەزدان بێت، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”سزای عەمالێقییەکان دەدەم لەسەر ئەوەی بە ئیسرائیلیان کرد، کاتێک لەسەر ڕێگا لە دژیان وەستان کە لە میسر هاتنە دەرەوە. ئێستاش بڕۆ گورز لە عەمالێقییەکان بوەشێنە، هەموو ئەوەی هەیانە بە تەواوی قڕیان بکە، دەستیان لێ مەپارێزە و بیانکوژە، پیاو و ژن و منداڵ و شیرەخۆرە، گا و مەڕ و وشتر و گوێدرێژ.“» جا شاول سوپاکەی بانگکرد و لە تەلائیم کۆی کردنەوە، دوو سەد هەزار پیادە و دە هەزار پیاوی یەهودا. ئینجا شاول چوو بۆ شاری عەمالێق و لە شیوەکەدا خۆی مات کرد، بە قێنییەکانی گوت: «بڕۆن و دوورەپەرێز بن و لەنێو عەمالێقییەکان بچنە دەرەوە، نەوەک ئێوەش لەگەڵ ئەواندا لەناو ببەم، چونکە ئێوە چاکەتان لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیلدا کردووە، کاتێک لە میسرەوە سەرکەوتن.» جا قێنییەکان خۆیان لە عەمالێقییەکان دوورەپەرێز گرت. ئینجا شاول لە عەمالێقییەکانی دا، لە حەڤیلایەوە هەتا شوور کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە. هەروەها ئەگاگی پاشای عەمالێقییەکانی بە زیندوویی گرت و هەموو گەلەکەی بە شمشێر بە تەواوی قڕکرد. بەڵام شاول و سوپاکە دەستیان لە ئەگاگ پاراست، هەروەها باشترینی مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ و دابەستە و هەموو ئەوەی باش بوو نەیانویست بە تەواوی قڕیان بکەن، بەڵام هەموو ئەو ماڵەی بێ نرخ و لاواز بوو بە تەواوی قڕیان کرد. ئینجا فەرمایشتی یەزدان هات بۆ ساموئێل و فەرمووی: «خەفەتبارم لەوەی کە شاولم کردە پاشا، چونکە لێم هەڵگەڕاوەتەوە و فەرمانەکانی منی بەجێنەگەیاند.» جا ساموئێل دڵتەنگ بوو، بە درێژایی ئەو شەوە هاواری بۆ یەزدان کرد. بەیانی زوو ساموئێل بۆ بینینی شاول هەستا، جا بە ساموئێل ڕاگەیەنرا: «شاول چوو بۆ کارمەل و ئەوەتا تاوەرێکی یادەوەری بۆ خۆی داناوە، سووڕاوەتەوە و پەڕیوەتەوە و دابەزیوە بۆ گلگال.» جا ساموئێل هات بۆ لای شاول، شاول پێی گوت: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت، من فەرمانی یەزدانم بەجێگەیاند.» بەڵام ساموئێل گوتی: «ئەی باعەباعی ئەو مەڕانە چییە لە گوێمدا دێت، ئەی بۆڕەبۆڕی ئەو مانگایانە چییە دەیبیستم؟» شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەلای عەمالێقییەکانەوە هێناویانە، ئەوانەیە کە گەل لە باشەکان دەستیان لێ پاراست، لە مەڕ و مانگا، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن، ئەوانی دیکەشمان بە تەواوی قڕکرد.» ئینجا ساموئێل بە شاولی گوت: «بێدەنگ بە! با ئەوەت پێ ڕابگەیەنم کە یەزدان دوێنێ شەو چی پێ فەرمووم.» ئەویش گوتی: «پێم بڵێ.» ساموئێل گوتی: «هەرچەندە لەبەرچاوی خۆت بچووکیت، ئایا نەبوویت بە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل؟ ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل؟ یەزدان بە ئەرکێک ڕەوانەی کردیت و فەرمووی: ”بڕۆ عەمالێقییە گوناهبارەکان بە تەواوی قڕ بکە و لە دژیان بجەنگە هەتا لەناودەچن.“ ئیتر بۆچی گوێڕایەڵی یەزدان نەبوویت و پەلاماری دەستکەوتەکەت دا و لەبەرچاوی یەزداندا ئەم خراپەیەت کرد؟» شاولیش بە ساموئێلی گوت: «من گوێڕایەڵی یەزدان بووم و ئەو ئەرکەم بەجێهێنا کە پێی سپاردم، ئەگاگی پاشای عەمالێقم هێنا و عەمالێقییەکانم بە تەواوی قڕکرد. جەنگاوەران لە دەستکەوتەکە مەڕ و مانگایان برد، باشترینی تەرخانکراوەکان بۆ خودا، تاکو لە گلگال بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن.» بەڵام ساموئێل گوتی: «ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟ گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە، سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان. یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە، کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە. لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان