پیاوانی ئیسرائیل لەو ڕۆژە پەرێشان بوون، چونکە شاول گەلی سوێند دا و گوتی: «نەفرەت لەو پیاوە بێت، ئەوەی بەر لە ئێوارە نان بخوات و پێش ئەوەی تۆڵە لە دوژمنەکانم بکەمەوە.» بۆیە هەموو سوپاکە تامی نانیان نەکرد. ئینجا هەموو سوپاکە هاتنە دارستانێک و هەنگوین بەسەر ڕووی زەوییەکەوە بوو. کاتێک سوپاکە هاتنە ناو دارستانەکەوە بینییان ئەوەتا هەنگوین دەتکێت، بەڵام کەس دەستی بۆ دەمی نەبرد، چونکە گەل لە سوێندەکە ترسان. بەڵام یۆناتان نەیبیستبوو کە باوکی سوپای سوێند دابوو، جا نووکی داردەستەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژ کرد و خستییە ناو شانە هەنگوینەکە و بۆ دەمی برد، ئیتر چاوەکانی گەشانەوە. ئینجا یەکێک لە سەربازەکان پێی گوت: «باوکت بە توندی سوپای سوێند دا و گوتی: ”نەفرەت لەو پیاوە بێت کە ئەمڕۆ نان دەخوات!“ لەبەر ئەوە جەنگاوەران لە پەلوپۆ کەوتبوون.» یۆناتانیش گوتی: «باوکم گیروگرفتی لە خاکەکەدا ناوەتەوە، تکایە تەماشا بکەن چاوەکانم چۆن گەشاونەتەوە، چونکە کەمێک لەم هەنگوینەم تام کرد. ئەی ئەگەر ئەمڕۆ جەنگاوەرەکان لە دەستکەوتی دوژمنەکانیان بخواردایە کە دەستیان کەوتووە، ئایا ئەو گورزەی لە فەلەستییەکان وەشێنرا گەورەتر نەدەبوو؟» لەو ڕۆژەدا لە میخماسەوە هەتا ئەیالۆن گورزیان لە فەلەستییەکان وەشاند، جەنگاوەرەکان لە پەلوپۆ کەوتبوون. پاشان سوپاکە هەڵیانکوتایە سەر دەستکەوتەکە و مەڕ و مانگا و گوێرەکەیان برد و لەسەر زەوی سەریان بڕین و جەنگاوەرەکان بە خوێنەوە خواردیان. بە شاولیان گوت: «وا سوپاکە گوناه لە دژی یەزدان دەکەن کە گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن.» ئەویش گوتی: «ناپاکیتان کرد، دەستبەجێ بەردێکی گەورە بۆ ئێرە گلۆر بکەنەوە.» ئینجا گوتی: «بەناو سوپادا بڵاو ببنەوە و پێیان بڵێن: ”با هەریەکە گا و بەرانەکەی خۆی بۆم بهێنێتە پێش و لێرە سەری ببڕن، ئینجا بیخۆن و گوناه لە دژی یەزدان مەکەن کە گۆشتەکە بە خوێنەوە بخۆن.“» ئیتر هەموو سوپا لەو شەوەدا هەریەکە و گایەکەی هێنایە پێش و لەوێدا سەری بڕی. ئینجا شاول قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا، ئەوە یەکەم قوربانگا بوو کە بۆ یەزدانی بنیاد نا. پاشان شاول گوتی: «با بە شەو بەدوای فەلەستییەکاندا بچینە خوارەوە و هەتا بەرەبەیان تاڵانیان بکەین و قڕیان بکەین.» ئەوانیش گوتیان: «چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە.» بەڵام کاهینەکە گوتی: «با لێرە لە خودا بپرسین.» ئینجا شاول پرسیاری لە خودا کرد: «ئایا بەدوای فەلەستییەکاندا دابەزم؟ ئایا دەیاندەیتە دەست گەلی ئیسرائیل؟» بەڵام لەو ڕۆژەدا وەڵامی نەدایەوە. جا شاول گوتی: «ئەی هەموو ڕابەرانی سوپا، وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە، بزانن و ببینن ئەمڕۆ ئەو گوناهە چۆن ڕوویداوە، چونکە بە یەزدانی زیندوو کە ڕزگارکەری ئیسرائیلە، تەنانەت ئەگەر لە یۆناتانی کوڕیشم بێ، دەبێت بمرێت.» بەڵام لە هەموو سوپاکە کەس وەڵامی نەدایەوە. ئینجا بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئێوە لەلایەک بن و من و یۆناتانی کوڕیشم لەلایەک دەبین.» جەنگاوەرەکانیش بە شاولیان گوت: «چی بە باش دەزانیت بیکە.» شاول گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمڕۆ وەڵامی خزمەتکارەکەت نادەیتەوە؟ ئەگەر هەڵەی من یان یۆناتانی کوڕمە، ئەوا ئوریممان پێبدە. بەڵام ئەگەر هەڵەی گەلی ئیسرائیلە ئەوا تومیممان پێبدە.» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان و شاول، بەڵام سوپاکە بێتاوان دەرچوون. ئینجا شاول گوتی: «لەنێوان من و یۆناتانی کوڕم تیروپشک هەڵبدەن.» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان. ئینجا شاول بە یۆناتانی گوت: «پێم بڵێ چیت کردووە.» یۆناتانیش پێی ڕاگەیاند: «بە نووکی داردەستەکەم کە بەدەستمەوە بوو کەمێک هەنگوینم تامکرد. ئایا ئێستا دەبێت بمرم؟» شاولیش گوتی: «یۆناتان! ئەگەر تۆ نەمریت، با خودا توندترین سزام بدات.» بەڵام جەنگاوەران بە شاولیان گوت: «ئایا یۆناتان، ئەوەی ئەم ڕزگارییە گەورەیەی لە ئیسرائیلدا هێنایە دی دەبێ بمرێت؟ حاشا! بە یەزدانی زیندوو، نابێت تاڵە مووێکی سەری بکەوێتە سەر زەوی، چونکە ئەمڕۆ ئەو لەگەڵ خودا ئەمەی کردووە.» جا گەل یۆناتانیان دەرباز کرد و نەمرد. ئینجا شاول وازی لە ڕاونانی فەلەستییەکان هێنا و فەلەستییەکانیش بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە. دوای ئەوەی شاول جڵەوی پاشایەتی ئیسرائیلی گرتە دەست، لە دژی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری جەنگا، مۆئاب و عەمۆن و ئەدۆم و پاشاکانی چۆڤا و فەلەستییەکان. ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، سەردەکەوت. هەروەها دلێرانە جەنگا و گورزی لە عەمالێقییەکان وەشاند و ئیسرائیلی لە دەستی تاڵانکەرانی دەرباز کرد. کوڕەکانی شاولیش، یۆناتان و یەشڤی و مەلکیشوەع بوون. ناوی دوو کچەکەشی، ناوی گەورەکەیان مێرەڤ و بچووکەکەشیان ناوی میخەل بوو. ژنەکەشی ناوی ئەحینۆعەمی کچی ئەحیمەعەچ بوو. فەرماندەی گشتی سوپاکەشی ناوی ئەبنێری کوڕی نێری مامی شاول بوو، قیشی باوکی شاول و نێری باوکی ئەبنێریش کوڕی ئەبیێل بوون. بە درێژایی ماوەی حوکمڕانی شاول جەنگێکی سەخت لە دژی فەلەستییەکان هەبوو، جا شاول هەر پیاوێکی دلێر و ئازای دەبینی دەیهێنایە پاڵ خۆی.
یەکەم ساموئێل 14 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم ساموئێل 14
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم ساموئێل 24:14-52
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان