شاول تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل و دوو ساڵ وەک پاشا پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. شاول سێ هەزار پیاوی لە ئیسرائیل بۆ خۆی هەڵبژارد، دوو هەزار لەگەڵ شاول بوون لە میخماس و ناوچە شاخاوییەکانی بێتئێل و هەزاریش لەگەڵ یۆناتان بوون لە گیڤعای بنیامین و پاشماوەی گەلەکەشی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی. یۆناتان لە سەربازگەی فەلەستییەکانی دا ئەوەی لە گەڤەعە، فەلەستییەکان ئەمەیان بیستەوە و شاولیش لە هەموو زەوییەکەدا فووی بە کەڕەنادا کرد و گوتی: «با هەموو عیبرانییەکان گوێیان لێ بێت!» جا هەموو ئیسرائیل بیستیان کە شاول لە سەربازگەی فەلەستییەکانی داوە و ئیسرائیلیش لای فەلەستییەکان قێزەون بووە، جا گەل بۆ لای شاول بانگ کران و لە گلگال کۆبوونەوە. ئینجا فەلەستییەکان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆبوونەوە، سێ هەزار گالیسکە و شەش هەزار گالیسکەسوار و سەربازەکانیش لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، جا سەرکەوتن و لە میخماس لە ڕۆژهەڵاتی بێتئاڤن چادریان هەڵدا. کاتێک پیاوانی ئیسرائیل بینییان لە مەترسیدان لەبەر ئەوەی سوپاکەیان تەنگەتاو بووە، ئیتر خۆیان لەناو ئەشکەوت و دڕکوداڵەکان و لەنێو تاشەبەردەکان و لەناو چاڵ و ئەمباراوەکاندا شاردەوە، تەنانەت هەندێک لە عیبرانییەکان لە ڕووباری ئوردونەوە بۆ خاکی گاد و گلعاد پەڕینەوە. شاولیش هێشتا لە گلگالدا بوو و هەموو سەربازەکان کە بەدوایەوە بوون ترسان. ئینجا حەوت ڕۆژ مایەوە هەتا ئەو کاتەی ساموئێل دیاری کردبوو، بەڵام ساموئێل نەهات بۆ گلگال و سەربازەکان وازیان لە شاول دەهێنا و پەرتوبڵاو دەبوونەوە. بۆیە شاول گوتی: «قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیم بۆ بهێننە پێش.» جا شاول قوربانی سووتاندنەکانی پێشکەش کرد و ئەوە بوو کە لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان بووەوە، ساموئێل هات، شاولیش بەرەو ڕووی چوو تاوەکو پێشوازی لێ بکات. ساموئێلیش لێی پرسی: «ئەوە چیت کرد؟» شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەبەر ئەوەی بینیم کە گەل لێم پەرتوبڵاو بوونەوە و تۆش لە ڕۆژانی دیاریکراودا نەهاتیت و فەلەستییەکانیش لە میخماسدا کۆببوونەوە، گوتم: ”ئێستا فەلەستییەکان بۆم دێنە خوارەوە بۆ گلگال، بەر لەوەی داوای ڕەزامەندی یەزدان بکەم.“ ئیتر زۆرم بۆ خۆم هێنا و قوربانییەکەی سووتاندنم پێشکەش کرد.» ساموئێلیش بە شاولی گوت: «گێلایەتیت کرد و فەرمانی یەزدانی پەروەردگارت نەپاراست، کە فەرمانی پێ کردبوویت. ئەگەر فەرمانەکانی خودات ئەنجام بدابایە، ئەوا یەزدان بۆ هەتاهەتایە پاشایەتییەکەی تۆی بەسەر ئیسرائیلدا دەچەسپاند. بەڵام ئێستا پاشایەتییەکەت بەردەوام نابێت، یەزدان بەدوای پیاوێکی دیکەدا گەڕا بە دڵی خۆی بێت، تاوەکو فەرمانڕەوایەتی گەلەکەی بکات، چونکە گوێڕایەڵ نەبوویت بۆ ئەوەی کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوویت.»
یەکەم ساموئێل 13 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم ساموئێل 13
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم ساموئێل 1:13-14
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان