لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 9:10-27

یەکەم ساموئێل 9:10-27 KSS

کاتێک شاول ڕووی وەرگێڕا بۆ ئەوەی لەلای ساموئێل بڕوات، خودا دڵێکی دیکەی بە شاول دا و هەموو ئەو نیشانانەش لەو ڕۆژەدا هاتنە دی. کاتێک گەیشتنە گیڤعا، دەستەیەک لە پێغەمبەران بەرەو ڕووی هاتن، جا ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و لە ناوەڕاستیاندا حاڵی گرت. کاتێک ئەوانەی کە پێشتر دەیانناسی بینییان لەگەڵ پێغەمبەرەکان حاڵی گرتووە، خەڵکەکە هەریەکە و بەوی دیکەی گوت: «ئایا لە کوڕەکەی قیش چی ڕوویداوە؟ ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟» جا پیاوێک لەوێ وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی باوکیان کێیە؟» بۆیە ئەمە بووە بە پەند: «ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟» پاش ئەوەی لە حاڵ گرتن بووەوە، شاول چوو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە. مامی شاول بە ئەو و بە خزمەتکارەکەی گوت: «بۆ کوێ چوون؟» ئەویش گوتی: «بۆ گەڕان بەدوای ماکەرەکاندا، بەڵام کاتێک بینیمان نادۆزرێنەوە چووین بۆ لای ساموئێل.» مامی شاولیش گوتی: «پێم بڵێ ساموئێل چی پێ گوتن.» شاولیش بە مامی گوت: «پێی گوتین کە ماکەرەکان دۆزراونەتەوە.» بەڵام لەبارەی پاشایەتییەکەوە بە مامی نەگوت کە ساموئێل چی گوتبوو. ئینجا ساموئێل گەلی بۆ لای یەزدان بۆ میچپا بانگکرد و بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من ئیسرائیلم لە میسرەوە هێنایە دەرەوە و فریاتان کەوتم لە دەست میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەو پاشاییەتییانەی کە دەیانچەوساندنەوە.“ بەڵام ئێوە ئەمڕۆ خودای خۆتان ڕەتکردووەتەوە کە لە هەموو ناخۆشی و بەڵایەکتان ڕزگاری کردوون، پێی دەڵێن: ”نەخێر، بەڵکو پاشایەکمان بۆ دابنێ.“ ئێستاش بەپێی هۆز و خێڵەکانتان لەبەردەم یەزداندا ڕاوەستن.» ئینجا ساموئێل هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی هێنایە پێشەوە و هۆزی بنیامین هەڵبژێردرا. ئینجا هۆزی بنیامینی بەگوێرەی خێڵەکانیان هێنایە پێشەوە، لەنێویاندا خێڵی ماتری هەڵبژێردرا، لە ئەنجامدا شاولی کوڕی قیش هەڵبژێردرا. ئینجا بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە. جا جارێکی دیکە لە یەزدانیان پرسی: «ئایا ئەو پیاوە بۆ ئێرە دێت؟» یەزدانیش فەرمووی: «ئەوەتا خۆی لەناو شتومەکەکاندا شاردووەتەوە.» ئەوانیش ڕایانکرد و لەوێوە هێنایان، کە لەنێو گەلدا ڕاوەستا، لە شانی و بەسەرەوە لە هەموو خەڵکی باڵای بەرزتر بوو. ئینجا ساموئێل بە هەموو گەلی گوت: «ئەوتان بینی کە یەزدان هەڵیبژاردووە، لەنێو هەموو گەلدا کەس لە وێنەی ئەو نییە.» ئینجا هەموو گەل هاواریان کرد و گوتیان: «بژی پاشا!» ئینجا ساموئێل باسی یاسای بەڕێوەبردنی پاشایەتی بۆ گەل کرد و لە تۆمارێکدا نووسییەوە و لەبەردەم یەزداندا داینا. پاشان ساموئێل هەموو گەلی ڕەوانە کرد، هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی. هەروەها شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە گیڤعا لەگەڵ ئەو قارەمانانەی کە خودا خستبوویە دڵیانەوە. بەڵام خەڵکانێکی گێرەشێوێن گوتیان: «چۆن ئەمە ڕزگارمان دەکات؟» جا بە کەم تەماشایان کرد و هیچ دیارییەکیان پێشکەش نەکرد. بەڵام شاول لێی بێدەنگ بوو.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان