لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پەترۆس 1:2-10

یەکەم پەترۆس 1:2-10 KSS

بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن. وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن، چونکە تامتان کردووە کە مەسیحی باڵادەست چاکە. ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە، ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیاد دەنرێن، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە، چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە: ﴿ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم، گرنگترین بەردی بناغەی هەڵبژێردراو و گرانبەها، ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.﴾ بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان، ﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،﴾ هەروەها: ﴿دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.﴾ ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون، چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان. بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەرسوڕهێنەرەکەی. پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرتووە.