بۆیە با مێشکتان ئامادە بێت بۆ چالاکی، خۆڕاگر بن، هیواتان بە تەواوی لەسەر ئەو نیعمەتە بێت کە لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحەوە دێت. وەک منداڵی گوێڕایەڵ، وەک کاتی نەزانی خۆتان لەگەڵ هەوەسە کۆنەکانتان مەگونجێنن، بەڵکو هەروەک ئەوەی بانگی کردوون پیرۆزە، ئێوەش لە هەموو هەڵسوکەوتێک پیرۆز بن، چونکە نووسراوە: ﴿پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.﴾ لەبەر ئەوەی لە خودای باوک دەپاڕێنەوە، ئەوەی بێ لایەنگری هەرکەسێک بەگوێرەی کردەوەکەی حوکم دەدات، کەواتە لە کاتی نامۆییتاندا بە لەخواترسییەوە بژین. دەزانن بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەکڕاونەتەوە، لەو ژیانە پووچەی لە باوباپیرانەوە بۆتان مابووەوە، بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها، خوێنی مەسیح، کە وەک بەرخێکی بێ لەکە و کەموکوڕییە. لەپێش دامەزراندنی جیهان هەڵبژێردرابوو، بەڵام لەم ڕۆژگارانەی دوایی لە پێناوی ئێوەدا دەرکەوت. بەهۆیەوە باوەڕتان بە خودا هەیە، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و شکۆی پێدا، تاکو هیوا و باوەڕتان بە خودا بێت. بە گوێڕایەڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاک کردووەتەوە بۆ خۆشەویستی برایانەی بێ دووڕوویی، لە قووڵایی دڵەوە یەکتریتان خۆشبوێ. ئێوەش لەدایک بوونەوە، نەک بە تۆوێکی فەوتاو بەڵکو نەفەوتاو، بە وشەی زیندووی خودا کە دەمێنێتەوە، چونکە نووسراوە: ﴿هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و هەموو شکۆیەکەی وەک گوڵی کێوی وایە. گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ، بەڵام فەرمایشتی یەزدان هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.﴾ ئەمەش ئەو فەرمایشتەیە کە مزگێنیتان پێدرا.
یەکەم پەترۆس 1 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم پەترۆس 1
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم پەترۆس 13:1-25
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان