لەو کاتەدا سلێمان پاشا لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە. هەروەها لە جەژنی مانگی ئێتانیم کە لە مانگی حەوتە هەموو گەلی ئیسرائیل لەلای سلێمانی پاشا کۆبوونەوە. ئیتر هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتن و کاهینەکانیش سندوقەکەیان هەڵگرت، سندوقی یەزدان و چادری چاوپێکەوتن و هەموو کەلوپەلە پیرۆزەکانی ناو چادرەکەیان هێنا. کاهین و لێڤییەکان هێنایانە سەرەوە، سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا. ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە. کەڕوبەکان باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سێبەریان بەسەر سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیدا کردبوو کە بۆ هەڵگرتنیەتی. ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان. ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن. ئەوە بوو بە هاتنە دەرەوەی کاهینەکان لە شوێنە پیرۆزەکە، هەورێک پیرۆزگای یەزدانی پڕکردەوە. کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکرد. ئینجا سلێمان گوتی: «یەزدان فەرموویەتی، کە لەناو هەوری تاردا نیشتەجێ دەبێت. ئەوەتا پەرستگایەکی شکۆدارم بۆ بنیاد نایت، شوێنێک هەتاهەتایە بۆ نیشتەجێبوونت.» کاتێک هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا بوون، پاشا ڕووی خۆی وەرگێڕا و داوای بەرەکەتی بۆ هەموویان کرد. ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی: ”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت، بەڵکو داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“ «لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت. بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”بێگومان باشت کرد کە لە دڵی خۆتدا نیازت هەبووە پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت. لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت، ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“ «یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا. لەوێشدا شوێنێکم بۆ ئەو سندوقە دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ باوباپیرانماندا بەستی، کاتێک لە خاکی میسری هێنانە دەرەوە.»
یەکەم پاشایان 8 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم پاشایان 8
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم پاشایان 1:8-21
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان