لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 19:6-38

یەکەم پاشایان 19:6-38 KSS

لە ناوەڕاستی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆزی ئامادە کرد هەتا سندوقی پەیمانی یەزدان لەوێ دابنێت. شوێنی هەرەپیرۆز، کە بیست باڵ درێژ و بیست باڵ پان و بیست باڵیش بەرز بوو، بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد، قوربانگاکەشی بە ئورز ڕووپۆش کرد. سلێمان دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەی بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆش کرد، زنجیری زێڕیشی لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز ڕاکێشا، بە زێڕ ڕووپۆشی کرد. تەواوی قوربانگای شوێنی هەرەپیرۆز و تەواوی دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد. لەناو شوێنی هەرەپیرۆزیش دوو کەڕوبی لە داری زەیتوون دروستکرد، بەرزی هەریەکەیان دە باڵ بوو. هەر کەڕوبێک دوو باڵی هەبوو، درێژی هەر باڵێک پێنج باڵ بوو، لە سەری باڵێکییەوە هەتا سەری باڵەکەی دیکە دە باڵ بوو. هەردوو کەڕوبەکە یەک ئەندازە و یەک شێوەیان هەبوو. بەرزی کەڕوبی یەکەم دە باڵ بوو، کەڕوبی دووەمیش بە هەمان شێوە. هەردوو کەڕوبەکەی لە ناوەڕاستی شوێنی هەرەپیرۆز دانا و باڵی کەڕوبەکانی کردەوە. باڵی یەکێک لە کەڕوبەکان بەر دیوارێک کەوت و باڵی کەڕوبی دووەمیان بەر دیوارەکەی بەرامبەری کەوت، لە ناوەڕاستی ژوورەکەش بەر یەکتری دەکەوتن، باڵ بە باڵ. هەردوو کەڕوبەکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد. لەسەر هەموو دیوارەکانی پیرۆزگاکە، لەناو هەردوو ژوورەکەی، ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەش، وێنەی کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی نەخشاند. زەمینی ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد. بۆ داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆزیش، دەرگایەکی دوو دەری لە داری زەیتوون دروستکرد، بە شێوەی پێنج چوارچێوە لەناو یەکدا. لەسەر هەردوو لای دەرگاکەش کە لە داری زەیتوون بوون، کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاند و بە زێڕ ڕووپۆشی کردن. بە هەمان شێوە لە داڵانی هۆڵە سەرەکییەکەش چوار چوارچێوەی لەناو یەکدا لە داری زەیتوون دروستکرد. هەروەها دوو دەرگای بە داری سنەوبەر دروستکرد، هەردووکیان دوو دەری بوون کە بە نەرمادە بەسترا بوون و دەسووڕانەوە. کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاندن و بە زێڕی کوتراو لەسەر نەخشەکە ڕووپۆشی کردن. هەروەها حەوشەکەی ناوەوەی بنیاد نا بە سێ ڕیز بەردی تاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز. لە ساڵی چوارەم پەرستگای یەزدانی دامەزراند، لە مانگی زیڤ. لە ساڵی یازدەیەمینیش، لە مانگی بول کە مانگی هەشتە، هەموو بەشەکانی پەرستگاکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو کرا، بە حەوت ساڵ بنیادی نا.