لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 1:6-14

یەکەم پاشایان 1:6-14 KSS

لە چوار سەد و هەشتایەمین ساڵی هاتنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، کە دەکاتە ساڵی چوارەمی پاشایەتی سلێمان لە ئیسرائیل، لە مانگی زیڤ کە مانگی دووە، سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد. ئەو پیرۆزگایەی سلێمانی پاشا بۆ یەزدان بنیادی نا، درێژییەکەی شەست باڵ و پانییەکەی بیست باڵ و بەرزاییەکەشی سی باڵ بوو. هەیوانی بەردەم هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش درێژییەکەی بەرامبەر بوو بە پانی پیرۆزگاکە، واتا بیست باڵ بوو، پانییەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکەوە دە باڵ بوو. هەروەها کڵاوڕۆژنەی کەتیبەداری بۆ پیرۆزگاکە دروستکرد. ئینجا لەسەر دیواری سەر بە هۆڵە سەرەکییەکە و دیواری شوێنەکەی هەرەپیرۆز چەند نهۆمێکی بنیاد نا، واتا لە دەوری دیوارەکانی پیرۆزگاکە، ژووری لاتەنیشت لە دەوریان هەبوو. نهۆمی ژێرەوە پانییەکەی پێنج باڵ و نهۆمی ناوەڕاست پانییەکەی شەش باڵ و سێیەمیشیان پانییەکەی حەوت باڵ بوو، بەم شێوەیە لە دەرەوە لێواری لە دەوری پیرۆزگاکە کرد هەتا کاریتەکان نەخاتە ناو دیوارەکان. لە کاتی بنیادنانی پەرستگاکەدا بەردی نایابی ئامادەکراو بەکارهێنرا، بەڵام دەنگی چەکوش و تەور و هیچ ئامێرێکی ئاسن لە پەرستگاکە نەبیسترا. داڵانی نهۆمی ژێرەوە لەلای باشووری پەرستگاکە بوو؛ بە پەیژە سەردەکەوتن بۆ ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ نهۆمی سێیەم. پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد، بە تەختەداری پان و کاریتەی ئورز سەری پەرستگاکەی گرت. هەموو ئەو ژوورە لاتەنیشتانەش کە لە دەوری پیرۆزگاکە بنیادی نان، بەرزاییەکەیان پێنج باڵ بوو، بە داری ئورز بە پیرۆزگاکەی گەیاندن. فەرمایشتی یەزدان بۆ سلێمان هات و فەرمووی: «ئەم پەرستگایەی کە تۆ دروستی دەکەیت، ئەگەر بە ڕێگای فەرزەکانمدا بڕۆیت و حوکمەکانم پەیڕەو بکەیت، هەروەها هەموو فەرمانەکانم بەجێبهێنیت بۆ پەیڕەوکردنی، ئەوا ئەو بەڵێنەی بە داودی باوکی تۆم دا لە ڕێگەی تۆوە دەیهێنمە دی. هەروەها لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و ئیسرائیلی گەلم بەجێناهێڵم.» سلێمان پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد.