پاشا چوو بۆ گبعۆن هەتا لەوێ قوربانی سەر ببڕێت، چونکە ئەوە گرنگترین نزرگەی سەر بەرزایی بوو، سلێمان هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر ئەو قوربانگایە. لە گبعۆن یەزدان لە خەونی شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت، خودا پێی فەرموو: «داوا بکە چیت پێ بدەم؟» سلێمانیش گوتی: «تۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەت، لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، بەو شێوەیەی لەبەردەمت هەڵسوکەوتی کرد، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی و دڵڕاستی لەگەڵت. جا ئەم چاکە گەورەیەت بۆ لەبەرچاو گرت و کوڕێکت پێیدا هەتا لەسەر تەختەکەی دابنیشێت وەک ئەمڕۆ. «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ خزمەتکارەکەتت کردووە بە پاشا لە جێی داودی باوکم، منیش مێردمنداڵێکی بچووکم و شارەزاییم لە ڕابەرایەتیکردن نییە. خزمەتکارەکەشت لەنێو گەلەکەتدایە ئەوەی هەڵتبژاردووە و ئەو گەلەش گەلێکی زۆرن و لە زۆریدا لە ژمارە نایەن. ئینجا دڵێکی تێگەیشتووم پێبدە بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتی گەلەکەت بکەم، تاکو جیاوازی بکەم لەنێوان چاکە و خراپە، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟» ئەم قسەیە لەلای پەروەردگار باش بوو، کە سلێمان داوای ئەم شتەی کرد. ئینجا خودا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی نە ڕۆژگاری زۆرت داوا کرد و نە دەوڵەمەندی بۆ خۆت و نە مەرگی دوژمنەکانت، بەڵکو دانایی لە جێبەجێکردنی دادپەروەریدا، ئەوا من بەپێی داواکارییەکەی تۆ دەکەم. دڵێکی وا دانات پێ دەبەخشم شت لێک جیا بکاتەوە، کە کەس لەمەوبەر وەک تۆ نەبووبێت و لە داهاتووشدا کەسێکی وەک تۆ هەڵناکەوێت. هەروەها ئەوەی داواشت نەکردبوو پێم بەخشیت، دەوڵەمەندی و پایەداری بە جۆرێک کە بە درێژایی ژیانت هیچ پیاوێک لەناو پاشایان وەک تۆی نەبێت. جا ئەگەر بە ڕێگای مندا بڕۆیت بەوەی وەک داودی باوکت فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، درێژە بە ڕۆژگارت دەدەم.» کە سلێمان هەستا، زانی خەونە، هاتە ئۆرشەلیم و لەبەردەم سندوقی پەیمانی پەروەردگار ڕاوەستا و قوربانی سووتاندنی سەرخست و قوربانی هاوبەشی پێشکەش کرد، خوانێکی بۆ هەموو خزمەتکارەکانی ساز کرد.
یەکەم پاشایان 3 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم پاشایان 3
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم پاشایان 4:3-15
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان