لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 1:22-28

یەکەم پاشایان 1:22-28 KSS

سێ ساڵ تێپەڕی و جەنگ لەنێوان ئارام و ئیسرائیل ڕووی نەدا. بەڵام لە ساڵی سێیەم، یەهۆشافاتی پاشای یەهودا چوو بۆ لای پاشای ئیسرائیل. پاشای ئیسرائیل بە کاربەدەستەکانی گوتبوو: «ئایا نازانن ڕامۆتی گلعاد هی ئێمەیە و ئێمەش بێدەنگین لەوەی لە دەست پاشای ئارامی وەربگرینەوە؟» لەبەر ئەوە پرسیاری لە یەهۆشافات کرد: «لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ؟» یەهۆشافاتیش وەڵامی پاشای ئیسرائیلی دایەوە: «خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.» بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.» ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، پەروەردگار دەیداتە دەستی پاشا.» بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد: «هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟» پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت: «پێغەمبەرێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین، بەڵام من ڕقم لێیەتی، چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات، بەڵکو خراپ، ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.» یەهۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نەڵێت.» لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی: «بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!» لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو، هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو، لەسەر جۆخینەکەی لای دەروازەی سامیرە، هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد. سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“» هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد و گوتیان: «پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.» ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی: «ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە، تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.» بەڵام میخایو گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی یەزدان پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.» کاتێک هاتە لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەویش پێی گوت: «هێرش بکەن و سەرکەوتوو بن، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.» پاشاش پێی گوت: «چەند جار من سوێندم داویت، کە جگە لە ڕاستی بە ناوی یەزدانەوە هیچی دیکەم پێ نەڵێیت؟» ئینجا میخایو وەڵامی دایەوە: «هەموو ئیسرائیلم بینی لەسەر چیاکان وەک مەڕی بێ شوان پەرتەوازە ببوون، یەزدانیش فەرمووی: ”ئەوانە خاوەنیان نییە، با هەریەکە و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.“» پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «پێم نەگوتی ئەو پێشبینی چاک سەبارەت بە من ناکات، بەڵکو خراپ؟» میخایو گوتی: «لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانم بینی لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو، هەموو هێزەکانی ئاسمانیش لە دەوروبەری بوون و لەلای ڕاست و چەپیەوە ڕاوەستابوون. یەزدان فەرمووی: ”کێ ئەحاڤ فریودەدات هەتا هێرش بکاتە سەر ڕامۆتی گلعاد و لەوێ بمرێت؟“ «یەکێک پێشنیاری ئەمەی کرد و یەکێکی دیکە ئەوە. ئینجا ڕۆحێک هاتە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان ڕاوەستا و گوتی: ”من فریوی دەدەم.“ «یەزدانیش لێی پرسی: ”بە چی؟“ «ئەویش گوتی: ”دەچمە دەرەوە و لە دەمی هەموو پێغەمبەرەکانی دەبمە ڕۆحی درۆ.“ «یەزدانیش پێی فەرموو: ”تۆ فریوی دەدەیت و دەتوانیت، بڕۆ دەرەوە و ئەوە بکە.“ «ئێستاش وا یەزدان ڕۆحی درۆی خستووەتە ناو دەمی هەموو پێغەمبەرەکانتەوە. یەزدان بڕیاری دا بەڵاتان بەسەر بهێنێت.» ئینجا سدقیای کوڕی کەنعەنا هاتە پێشەوە و زللەیەکی لە ڕوومەتی میخایو دا و گوتی: «لەکوێوە ڕۆحی یەزدان لە منەوە پەڕییەوە هەتا قسەت لەگەڵدا بکات؟» میخایو وەڵامی دایەوە: «دەبینیت کە ئەو ڕۆژە دەچیتە ژووری دواوەی خانوو بۆ ئەوەی خۆت بشاریتەوە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل فەرمانی دا: «میخایو ببە و بیگەڕێنەوە لای ئامۆنی فەرمانڕەوای شارەکە و یۆئاشی کوڕی پاشا، بڵێ: ”ئەمە فەرمانی پاشایە: ئەمە بخەنە زیندانەوە و جگە لە کەمێک نان و ئاو هیچی دیکەی پێ مەدەن، هەتا هاتنەوەم بە سەلامەتی.“» میخایو گوتی: «ئەگەر تۆ بە سەلامەتی بگەڕێیتەوە، یەزدان لە ڕێگەی منەوە هیچی نەفەرمووە!» ئینجا گوتی: «ئەی هەموو گەل، گوێ بگرن!»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان