سێ ساڵ تێپەڕی و جەنگ لەنێوان ئارام و ئیسرائیل ڕووی نەدا. بەڵام لە ساڵی سێیەم، یەهۆشافاتی پاشای یەهودا چوو بۆ لای پاشای ئیسرائیل. پاشای ئیسرائیل بە کاربەدەستەکانی گوتبوو: «ئایا نازانن ڕامۆتی گلعاد هی ئێمەیە و ئێمەش بێدەنگین لەوەی لە دەست پاشای ئارامی وەربگرینەوە؟» لەبەر ئەوە پرسیاری لە یەهۆشافات کرد: «لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ؟» یەهۆشافاتیش وەڵامی پاشای ئیسرائیلی دایەوە: «خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.» بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.» ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، پەروەردگار دەیداتە دەستی پاشا.» بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد: «هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟» پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت: «پێغەمبەرێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین، بەڵام من ڕقم لێیەتی، چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات، بەڵکو خراپ، ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.» یەهۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نەڵێت.» لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی: «بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!» لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو، هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو، لەسەر جۆخینەکەی لای دەروازەی سامیرە، هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد. سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“» هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد و گوتیان: «پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.» ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی: «ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە، تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.» بەڵام میخایو گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی یەزدان پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.»
یەکەم پاشایان 22 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم پاشایان 22
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم پاشایان 1:22-14
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان