کاتێک ئەلیاس ئەوەی بینی، هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی دەرباز بکات. کاتێک گەیشتە بیری شابەع، ئەوەی کە سەر بە یەهودایە، خزمەتکارەکەی لەوێ بەجێهێشت. خۆشی ڕۆژە ڕێیەک بە دەشتودەردا ڕۆیشت هەتا هات و لەژێر دار گەزێک دانیشت و داوای مەرگی بۆ گیانی خۆی کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، ئیتر بەسە، گیانم بکێشە، چونکە من لە باوباپیرانم باشتر نیم.» ئینجا لەژێر دار گەزەکە پاڵکەوت و نوست. لەناکاو فریشتەیەک دەستی لێدا و فەرمووی: «هەستە، بخۆ.» ئەویش تەماشای کرد ئەوەتا لەلای سەرییەوە کولێرەیەکی بە بەردی داغ برژاو و گۆزەیەک ئاوی لێیە، ئیتر خواردی و خواردیەوە، دیسان پاڵکەوتەوە. دووبارە فریشتەکەی یەزدان گەڕایەوە و دەستی لێدایەوە و فەرمووی: «هەستە بخۆ، چونکە ڕێگاکە لە توانای تۆ زیاترە.» ئەویش هەستا و خواردی و خواردیەوە، بە هێزی ئەو خواردنە چل شەو و چل ڕۆژ هەتا حۆرێڤی کێوی خودا ڕۆیشت. لەوێ چووە ناو ئەشکەوتێک و شەوی تێدا بەسەربرد. لەناکاو فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە، پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.» یەزدانیش فەرمووی: «وەرە دەرەوە و لەسەر چیاکە لەبەردەم یەزدان ڕابوەستە، چونکە وا یەزدان تێدەپەڕێت.» ئینجا بایەکی مەزن و بەهێز چیاکانی شەقکرد و تاشەبەردەکانی لەبەردەم یەزدان شکاند، بەڵام یەزدان لەناو بایەکەدا نەبوو. لەدوای بایەکە بوومەلەرزەیەک هات، یەزدان لە بوومەلەرزەکەشدا نەبوو. لەدوای بوومەلەرزەکە ئاگرێک هات، یەزدان لە ئاگرەکەشدا نەبوو. لەدوای ئاگرەکە چرپەی دەنگێک هات.
یەکەم پاشایان 19 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم پاشایان 19
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم پاشایان 3:19-12
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان