لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 8:16-20

یەکەم پاشایان 8:16-20 KSS

لە بیست و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، ئێلەی کوڕی بەعشا لە تیرزە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد. زیمری کاربەدەستی کە فەرماندەی نیوەی گالیسکەکانی پاشا بوو، پیلانی لە دژی گێڕا. کاتێک ئێلە لە ماڵی ئەرچا بوو لە تیرزە، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو لە تیرزە، دەیخواردەوە و سەرخۆش بوو، زیمری هاتە ژوورەوە و لێیدا و کوشتی. لە بیست و حەوتەمین ساڵی ئاسا پاشای یەهودا لە جێی ئەو بوو بە پاشا. کاتێک بوو بە پاشا و لەسەر تەختەکەی ئەو دانیشت، هەموو بنەماڵەی بەعشای کوشت. بە جۆرێک کە هیچ نێرینەیەکی لە کەسوکار و نزیک و دۆستانی نەهێشتەوە. زیمری هەموو بنەماڵەی بەعشای لەناوبرد، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەرەوە سەبارەت بە بەعشا فەرمووبووی. لەبەر هەموو گوناهەکانی بەعشا و گوناهەکانی ئێلەی کوڕی کە کردیان و بەهۆیانەوە وایان لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن و بە بتە پووچەکانیان یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پەست بکەن. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئێلە و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. لە بیست و حەوتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، زیمری حەوت ڕۆژ لە تیرزە بوو بە پاشا، سوپاش گەمارۆی گیبەتۆنی فەلەستییەکانیان دابوو. کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو بیستیان گوترا زیمری پیلانی گێڕاوە و پاشاشی کوشتووە، هەموویان هەر لەو ڕۆژەدا لەناو ئۆردوگاکە جاڕیان دا و عۆمریی فەرماندەی گشتی سوپایان کردە پاشای ئیسرائیل. ئینجا عۆمری و هەموو ئیسرائیل لەگەڵی لە گیبەتۆنەوە کشانەوە و تیرزەیان گەمارۆ دا. ئەوە بوو کە زیمری بینی شارەکە گیرا، چووە ناو قەڵای کۆشکی پاشا، کۆشکی پاشای بە ئاگر بەسەر خۆیدا سووتاند و مرد، ئەمەش بەهۆی ئەو گوناهانەوە بوو کە کردی، بەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زیمری و ئەو پیلانەی کە گێڕای لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان