لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 25:15-34

یەکەم پاشایان 25:15-34 KSS

نادابی کوڕی یارۆڤعامیش لە ساڵی دووەمی ئاسای پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای باوکی کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. ئینجا بەعشای کوڕی ئاحییای بنەماڵەی یەساخار پیلانی لە دژی گێڕا: کاتێک ناداب و هەموو ئیسرائیل گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو، بەعشا لە گیبەتۆنی فەلەستییەکان لە نادابی دا و کوشتی. لە سێیەمین ساڵی فەرمانڕەوایی ئاسای پاشای یەهودا، بەعشا نادابی کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا. کە بەعشا بوو بە پاشا، هەموو بنەماڵەی یارۆڤعامی کوشت. هیچ هەناسەیەکی لە بنەماڵەی یارۆڤعام نەهێشت، هەمووی لەناو بردن، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی خزمەتکارەکەی ئاحییای شیلۆنی فەرمووبووی. ئەمەش لەبەر ئەو گوناهانە بوو کە یارۆڤعام کردبوونی و بەهۆیانەوە وای لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن، هەروەها یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلیان پەست کرد. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ناداب و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو. لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا بەعشای کوڕی ئاحییا لە تیرزە بوو بە پاشا، بیست و چوار ساڵ پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان