لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 1:11-25

یەکەم پاشایان 1:11-25 KSS

سلێمان پاشا سەرەڕای کچەکەی فیرعەون زۆر ژنی دیکەی بێگانەی خۆشویست، لە مۆئابی و عەمۆنی و ئەدۆمی و سەیدائی و حیتییەکان، لەو گەلانەی کە یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، نەوەک دڵتان بۆ لای خوداوەندەکانیان ڕابکێشن.» لەگەڵ ئەوەشدا سلێمان خۆشیویستن و دڵی پێیانەوە بەند بوو. حەوت سەد ژنی خانەدان و سێ سەد کەنیزەی هەبوو، جا ژنەکانی دڵیان هەڵگەڕاندەوە. ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو. ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت. سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت. لەو کاتەدا سلێمان لەسەر یەکێک لە کێوەکانی بەرامبەر ئۆرشەلیم لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکە نزرگەیەکی سەر بەرزایی بۆ کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و هەروەها بۆ مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان بنیاد نا. هەمان کاریشی بۆ هەموو ژنە بێگانەکانی کرد، کە بخووریان دەسووتاند و قوربانییان سەردەبڕی بۆ خوداوەندەکانیان. یەزدان لە سلێمان تووڕە بوو، چونکە دڵی لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل هەڵگەڕایەوە، ئەوەی دوو جار بۆی دەرکەوت. هەرچەندە فەرمانی بە سلێمان کردبوو کە دوای خودای دیکە نەکەوێت، بەڵام ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکرد، سلێمان گوێڕایەڵ نەبوو. یەزدان بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەم هەڵوێستەت و گوێڕایەڵنەبوونت بۆ پەیمان و فەرزەکەی من کە فەرمانم پێ کردیت، پاشایەتییەکەت لێ پارچەپارچە دەکەم و دەیدەمە خزمەتکارەکەت، بەڵام لەبەر داودی باوکت لە ماوەی پاشایەتی خۆت نایکەم. لە دەستی کوڕەکەت پارچەپارچەی دەکەم، لەگەڵ ئەمەش هەموو پاشایەتییەکەی لێ ناستێنمەوە، بەڵکو هۆزێکی پێدەدەم، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم کە هەڵمبژاردووە.» ئینجا یەزدان دوژمنێکی لە سلێمان هەستاندەوە کە هەدەدی ئەدۆمی بوو، لە بنەماڵەی شاهانەی ئەدۆم بوو. کاتێک داود لە ئەدۆم بوو، یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپا چوو بۆ ئەوەی کوژراوەکان بنێژێت و هەرچی نێر لە ئەدۆم ماوە بیانکوژێت. یۆئاب و هەموو ئیسرائیل شەش مانگ لەوێدا مانەوە هەتا هەموو نێرێکیان لە ئەدۆم لەناوبرد. بەڵام هەدەد کە هێشتا مێردمنداڵێکی بچووک بوو، لەگەڵ چەند پیاوێکی ئەدۆمی لە خزمەتکارانی باوکی بۆ میسر هەڵاتن. ئینجا لە میدیانەوە هەستان و چوونە پاران، چەند پیاوێکیان لە پارانەوە لەگەڵ خۆیاندا برد و چوونە میسر بۆ لای فیرعەونی پاشای میسر، ئەویش خانووی دایە هەدەد و فەرمانی دا خواردنی بدرێتێ و زەویشی پێدا. هەدەد لەبەرچاوی فیرعەون پەسەند بوو، خوشکی تەحپەنێسی شاژنی دایێ ببێتە ژنی. خوشکەکەی تەحپەنێس کوڕێکی لێی بوو بە ناوی گەنوڤەت، تەحپەنێس لەنێو ماڵی فیرعەون پەروەردەی کرد، لەنێو کوڕەکانی فیرعەون. هەدەد لە میسر بوو کاتێک بیستی کە داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری ناوەتەوە و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپاش مردووە، ئینجا هەدەد بە فیرعەونی گوت: «ڕێم بدە با بچمەوە خاکەکەم.» فیرعەونیش پێی گوت: «لەلای من لە چیت کەمە هەتا داوای چوونەوە بکەیت بۆ خاکەکەت؟» هەدەدیش گوتی: «لە هیچ، تەنها ڕێم بدە.» خودا دوژمنێکی دیکەی لە سلێمان هەستاندەوە کە ڕەزۆنی کوڕی ئەلیاداع بوو، ئەوەی لەلای گەورەکەیەوە هەڵاتبوو، کە هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا بوو. لە کاتی کوشتارەکەی داود لە دژی هێزی چۆڤا، پیاوی لە خۆی کۆکردەوە و بووە سەردەستەیەکی چەتە، چوونە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێ بوون، لە دیمەشق فەرمانڕەوایەتییان کرد. جا ڕەزۆن لە سەردەمی سلێمان بووە دوژمنی ئیسرائیل، ئەمە سەرەڕای ئەو خراپەیەی کە هەدەد دەیکرد، ڕەزۆن بووە فەرمانڕەوای خاکی ئارام و ڕقی لە ئیسرائیل بووەوە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان