لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 41:1-52

یەکەم پاشایان 41:1-52 KSS

ئەدۆنیا و هەموو بانگهێشتکراوان، ئەوانەی لەگەڵی بوون، پاش ئەوەی لە خواردن بوونەوە گوێیان لە دەنگی ئەوان بوو. یۆئاب گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و گوتی: «ئەو دەنگە دەنگە چییە لە شارەوە دێت؟» کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاری کاهین هات، ئەدۆنیاش گوتی: «وەرە، چونکە تۆ پیاوێکی چاکیت، دیارە مژدەی خۆشیت هێناوە.» یۆناتانیش وەڵامی دایەوە و بە ئەدۆنیای گوت: «بە پێچەوانەوە! داودی پاشای گەورەمان، سلێمانی کردە پاشا. پاشاش سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکانی لەگەڵ ناردووە، سواری هێسترەکەی پاشایان کردووە. سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەریش لە گیحۆن بە پاشا دەستنیشانیان کردووە، لەوێشەوە بە خۆشییەوە سەرکەوتوون و شار خرۆشاوە، ئەمە ئەو دەنگەیە کە گوێتان لێی دەبێت. هەروەها سلێمان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانیشتووە. خزمەتکارانی پاشاش بۆ پیرۆزبایی لە داودی پاشای گەورەمان هاتن و گوتیان: ”با خوداکەت ناوی سلێمان لە ناوی تۆ ناودارتر بکات، تەختەکەشی لە تەختەکەی تۆ مەزنتر بکات!“ پاشا لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد. پاشا گوتی: ”ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ کەسێکی پێداوم کە لەسەر تەختەکەم دانیشێت و چاوەکانیشم دەیبینێت.“» لێرەدا هەموو ئەوانەی ئەدۆنیا بانگی کردبوون تۆقین و هەستان، هەریەکە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. ئەدۆنیاش لە سلێمان ترسا، هەستا و چوو دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت. ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا ئەدۆنیا لە سلێمانی پاشا دەترسێت، دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرتووە و دەڵێت: ”با ئەمڕۆ سلێمانی پاشا سوێندم بۆ بخوات کە خزمەتکارەکەی بە شمشێر ناکوژێت.“» سلێمانیش گوتی: «ئەگەر پیاوێکی چاک بێت، تاڵە مووێکی قژی ناکەوێتە سەر زەوی، بەڵام ئەگەر خراپەی تێدا بینرا، ئەوا دەکوژرێت.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان