ئایا سەربەست نیم؟ ئایا نێردراو نیم؟ ئایا عیسای خاوەن شکۆمانم نەبینیوە؟ ئایا ئێوە ئەنجامی ئەو کارە نین کە یەزدان لە ڕێگەی منەوە کردوویەتی؟ ئەگەر هاتوو بۆ خەڵکی دیکە نێردراو نەبم، ئەوا بۆ ئێوە نێردراوم، چونکە ئێوە مۆری نێردراویێتی منن لە مەسیحدا. بۆ ئەوانەی دادوەریم دەکەن ئەمەیە بەرگریم: ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟ ئایا مافمان نییە خانمێکی باوەڕدار بکەینە هاوسەر و هاوڕێمان لە گەشتەکانماندا، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی مەسیح و پەترۆس؟ یاخود تەنها من و بەرناباس ئەو مافەمان نییە، دەبێت هەر ئیش بکەین؟ کێ هەبووە بە خەرجی خۆی سەربازیی کردبێت؟ کێ ڕەزێک دەچێنێت و لە بەروبوومەکەی ناخوات؟ یان کێ شوانایەتی مێگەلێک دەکات و لە شیرەکەی ناخوات؟ ئەم قسانە وەک مرۆڤ دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئەمانە ناڵێت؟ چونکە لە تەوراتی موسا نووسراوە: ﴿لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.﴾ ئایا خودا بایەخ بە گا دەدات؟ بێگومان لە پێناو ئێمە وای فەرمووە، مەگەر نە؟ بەڵێ، لە پێناوی ئێمەدا نووسراوە، چونکە ئەوەی دەکێڵێت پێویستە بە هیواوە بکێڵێت، ئەوەی گێرە دەکات بەو هیوایە دەیکات کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەبێت. ئەگەر ئێمە شتی ڕۆحیمان بۆتان چاندووە، ئایا زۆرە ئەگەر شتی ماددی لە ئێوە بدروینەوە؟ ئەگەر خەڵکی دیکە مافی پشتگیرییان لەسەرتانە، ئایا ئێمە لەپێشتر نین؟ بەڵام ئەم مافەمان بەکارنەهێنا، بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، نەوەک کۆسپ بخەینە بەردەم مزگێنیی مەسیح. ئایا نازانن ئەوانەی خزمەتی پەرستگا دەکەن لە شتەکانی پەرستگا دەخۆن، ئەوانەی خزمەتی قوربانگاش دەکەن لە قوربانگادا بەشدارن؟ بە هەمان شێوە مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمانی داوە، ئەوانەی کە مزگێنی ڕادەگەیەنن گوزەرانیان لەسەر مزگێنییە. بەڵام هیچ یەکێک لەم مافانەم بەکارنەهێناوە. ئەوانەش نانووسم، تاکو بۆ من ئاوا بێت، چونکە مردنم باشترە لەوەی یەکێک شانازیم پووچەڵ بکاتەوە.
یەکەم کۆرنسۆس 9 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم کۆرنسۆس 9
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم کۆرنسۆس 1:9-15
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان