بەڵام ئەگەر ڕاگەیەنراوە کە مەسیح لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، ئیتر چۆن هەندێکتان دەڵێن مردووان زیندوو نابنەوە؟ ئەگەر هەستانەوە لەنێو مردووان نەبێت، ئەوا تەنانەت مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. ئەگەر مەسیح هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا مزگێنیدانمان بێ سوود دەبێت، باوەڕی ئێوەش هیچ سوودی نابێت. ئێمەش دەبینە شایەتی درۆزن بۆ خودا، چونکە ئێمە سەبارەت بە خودا شایەتیمان دا کە مەسیحی هەستاندووەتەوە، بەڵام ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە، هەڵینەستاندووەتەوە. ئەگەر مردووان هەڵنەستێنرێنەوە، کەواتە مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. ئەگەر مەسیح لەنێو مردووان هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا باوەڕتان پووچ دەبێت و ئێوە هێشتا لە گوناهەکانتاندان. کەواتە ئەو باوەڕدارانەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا نوستوون، لەناوچوون. ئەگەر بێتو تەنها لەم ژیانە هیوامان بە مەسیح بێت، ئەوا ئێمە نەگبەتترین خەڵک دەبین لەنێو مرۆڤ. بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک، زیندوو دەکرێنەوە. بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە ڕادەستی خودای باوک دەکات، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە. هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.﴾ بەڵام کاتێک دەفەرموێ ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،﴾ ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە. کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا. ئەگینا ئەوانەی لە جیاتی مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووان هەرگیز هەڵناستێنرێنەوە، جا بۆچی لە پێناو مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟ بۆچی ئێمە هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟ ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە بەرەنگاری مردن دەبمەوە، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. ئەگەر بە بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت کاتێک لە ئەفەسۆس بەرەنگاری دڕندەکان بوومەوە، چ سوودێکم دەبوو؟ ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە: ﴿با بخۆین و بخۆینەوە، چونکە سبەی دەمرین.﴾ هەڵمەخەڵەتێن: «پەیوەندی خراپ ڕەوشتی جوان تێکدەدات.» هۆش بهێننەوە بەر خۆتان هەروەک پێویستە، گوناه مەکەن، چونکە هەندێکتان زانیاریتان سەبارەت بە خودا نییە. ئەمە بۆ شەرمەزاربوونتان دەڵێم.
یەکەم کۆرنسۆس 15 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم کۆرنسۆس 15
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم کۆرنسۆس 12:15-34
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان