دەرگاوانەکان: شەلوم، عەقوڤ، تەلمۆن، ئەحیمەن و براکانیان، شەلوم سەرۆکیان بوو. هەتا ئەو کاتەش لەلای ڕۆژهەڵاتی دەروازەی پاشا، ئەوان دەرگاوانی ئۆردوگای نەوەی لێڤی بوون. شەلومی کوڕی قۆرێی کوڕی ئەبیاسافی کوڕی قۆرەح و براکانی، ئەوانەی لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان بوون، ئەرکی خزمەت و پاسەوانیێتی بەردەرگاکانی پەرستگاکەیان لە ئەستۆ بوو، هەروەک چۆن باوباپیرانیشیان ئەرکی پاسەوانیێتی دەروازەی چادری پەرستنی یەزدانیان لە ئەستۆ گرتبوو. پێشتر فینەحاسی کوڕی ئەلعازار سەرۆکی دەرگاوانەکان بوو و یەزدانیش لەگەڵیدا بوو. زەکەریای کوڕی مەشەلەمیاش دەرگاوانی دەرگای چادری چاوپێکەوتن بوو. هەموو ئەوانەی بە دەرگاوانی بەردەرگاکان هەڵبژێردران دوو سەد و دوازدە کەس بوون و بەپێی ڕەچەڵەکیان لە گوندەکانیاندا تۆمار کران. باوباپیرانیان لەلایەن داود و ساموئێلی پێشبینیکەرەوە لەسەر ئەو بەرپرسیاریێتییە دانرابوون. خۆیان و نەوەکانیان ئەرکی پاسەوانیێتی دەرگاکانی ماڵی یەزدانیان لە ئەستۆ بوو، ئەو ماڵەی کە پێ دەگوترا چادری چاوپێکەوتن. دەرگاوانەکان لە هەر چوار لادا بوون، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور. دەبووایە برا لێڤییەکانیشیان بە نۆرە لە گوندەکانیانەوە بێن و لە جێی ئەوان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ پاسەوان بن. بەڵام هەر چوار سەرۆکی دەرگاوانەکان، کە لێڤی بوون، بەرپرسی ژوور و گەنجینەکانی ماڵی خودا بوون. لە چواردەوری ماڵی خودا شەویان بەسەردەبرد، چونکە پاسەوانیێتییان لەسەر بوو، هەروەها هەموو بەیانییەک لێپرسراوی کردنەوەی بوون. هەندێکیشیان لێپرسراوی قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن بوون، چونکە بە ژمارە دەیانهێنانە دەرەوە و بە ژمارەش دەیانبردنەوە ژوورەوە. هەندێکی دیکەشیان ئەمینداری قاپوقاچاغەکان و هەموو کەلوپەلەکانی پیرۆزگا و باشترین ئارد و شەراب و زەیتی زەیتوون و بخوور و بۆنوبەرام بوون. هەندێک لە نەوەی کاهینەکانیش بۆنوبەرامەکانیان دەگرتەوە. مەتیسیا یەکێک بوو لە لێڤییەکان، ئەو نۆبەرەی شەلومی قۆرەحی بوو، بەرپرسیار بوو بۆ ئامادەکردنی نانی پێشکەشکراو. هەندێکیش لە نەوەی قەهاتییەکان، لە برا لێڤییەکانیان، بەرپرسیار بوون لە ئامادەکردنی نانی تەرخانکراو هەموو ڕۆژانێکی شەممە. مۆسیقاژەنەکان کە گەورەی بنەماڵەی لێڤییەکان بوون لە ژوورەکانی پەرستگا جێگیر بوون و لە کاری دیکە بەخشرابوون، چونکە ئەوان بەردەوام بە ڕۆژ و بە شەو سەرقاڵی کارەکەیان بوون. ئەمانە گەورەی بنەماڵە لێڤییەکان بوون، بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە سەرکردە بوون و لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.
یەکەم پوختەی مێژوو 9 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم پوختەی مێژوو 9
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم پوختەی مێژوو 17:9-34
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان