لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پوختەی مێژوو 5:22-17

یەکەم پوختەی مێژوو 5:22-17 KSS

داود گوتی: «سلێمانی کوڕم منداڵە و پێنەگەیشتووە، ئەم ماڵەش کە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت دەبێت لەبەرچاوی هەموو گەلان زۆر گەورە و بەناوبانگ و شکۆدار بێت، لەبەر ئەوە من ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکەم.» جا داود بەر لە مردنی ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کرد. پاشان سلێمانی کوڕی بانگکرد و ڕایسپارد کە ماڵێک بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت. داود بە سلێمانی گوت: «کوڕی خۆم، من لە دڵمدا بوو ماڵێک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم. بەڵام فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: ”تۆ خوێنێکی زۆرت ڕشتووە و جەنگی گەورەشت کردووە، لەبەر ئەوە ماڵ بۆ ناوەکەم دروستناکەیت، چونکە لەبەردەمم خوێنێکی زۆرت ڕشتووەتە سەر زەوی. بەڵام کوڕێکت دەبێت، دەبێتە پیاوی ئاشتی و حەسانەوە، لە هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری دەیحەسێنمەوە. ناوی سلێمان دەبێت، لە ماوەی پاشایەتی ئەودا ئاشتی و ئارامی بە ئیسرائیل دەبەخشم. ئەو ماڵێک بۆ ناوەکەم بنیاد دەنێت، من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من، تەختی پاشایەتییەکەشی هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم.“ «کوڕی خۆم، ئێستاش یەزدانت لەگەڵدا بێت و سەرکەوتوو بیت و ماڵەکەی یەزدانی پەروەردگارت بنیاد بنێیت بەو شێوەیەی سەبارەت بە تۆ فەرمووی. کاتێک فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیل دەکەیت یەزدان دانایی و تێگەیشتنت بداتێ بۆ ئەوەی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگارت پەیڕەو بکەیت. ئەگەر ئاگاداربیت لەوەی ئەو فەرز و حوکمانە بەجێبهێنیت کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە گەلی ئیسرائیل کرد، ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبیت. ئیتر بەهێزبە و ئازابە، مەترسە و ورە بەرمەدە. «من ناخۆشی زۆرم چێژتووە بۆ دابینکردنی ئەمانە بۆ پەرستگای یەزدان، سەد هەزار تالنت زێڕ و ملیۆنێک تالنت زیو، بڕۆنز و ئاسنێکی زۆری لە کێش نەهاتووش، دار و بەردیشم ئامادە کردووە. تۆش دەتوانیت زیاتریان بکەیت. کرێکارێکی زۆرت لەلایە، لە نەقاڕ و بەنا و دارتاش و کەسانی شارەزا لە هەموو کار و پیشەیەک لەسەر زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن، وەستاکان لە ژمارە نایەن. ئیتر هەستە و دەستبەکار بە و یەزدانت لەگەڵ بێت.» پاشان داود فەرمانی بە هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد هاریکاری سلێمانی کوڕی بکەن

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ یەکەم پوختەی مێژوو 22:5-17 شێوەکاری؟؟؟