لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 1:15-21

ڕۆما 1:15-21 PNTZS

به‌ڵام ئێمه‌ی به‌هێز له‌سه‌رمانه‌ به‌رگه‌ی كه‌موكوڕی لاوازان بگرین و خۆمان ڕازی نه‌كه‌ین. با هه‌ر یه‌ک له‌ ئێمه‌ نزیكه‌كه‌ی بۆ چاكه‌ ڕازی بكات له‌ پێناوی بنیادنان. چونكه‌ مه‌سیحیش خۆی ڕازی نه‌كرد، به‌ڵكو وه‌ک نووسراوه‌: {جنێوی جنێوده‌رانت كه‌وته‌ سه‌ر من} . چونكه‌ هه‌رچی له‌پێشا نووسراوه‌، بۆ فێربوونمان نووسراوه‌، تاكو به‌ دانبه‌خۆداگرتن و دڵنه‌واییكردنی نووسراوه‌كان هیوامان هه‌بێت. خوداوه‌ندی دانبه‌خۆداگرتن و دڵنه‌وایی له‌نێو خۆتان ڕێككه‌وتنی بیروڕاتان بداتێ به‌گوێره‌ی بیری ئیشۆعی مه‌سیح، تاكو به‌ یه‌ک دڵ و به‌ یه‌ک ده‌نگ شكۆی خودا و باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان بكه‌ن. بۆیه‌ یه‌كتر په‌سه‌ند بكه‌ن، وه‌ک مه‌سیح په‌سه‌ندی كردین، بۆ شكۆمه‌ندیی خودا. چونكه‌ ده‌ڵێم، مه‌سیح له‌به‌ر ڕه‌وای خودا بووه‌ ڕاژه‌وانی خروسه‌بڕاوان، تاكو به‌ڵێنه‌كانی باوكان جێگیر بكات، نه‌ته‌وه‌كانیش له‌پێناوی به‌زه‌یی، خودا شكۆدار ده‌كه‌ن، وه‌ک نووسراوه‌: {بۆیه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ستایشت ده‌كه‌م په‌سنی بۆ ناوت ده‌ڵێم} . هه‌روه‌ها ده‌فه‌رمووێ: {ئه‌ی نه‌ته‌وه‌كان، شادمان بن له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ی} . هه‌روه‌ها: {ئه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌ن، به‌رزی ڕابگرن، ئه‌ی هه‌موو گه‌لان} . دیسان ئێشه‌عیا ده‌ڵێت: {ڕه‌گی ئیشه‌ی ده‌بێت، ئه‌وه‌ی بۆ فه‌رمانڕه‌وایی نه‌ته‌وه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، هیوای نه‌ته‌وه‌كان به‌و ده‌بێت} . با خوداوه‌ندی هیوا به‌ هه‌موو شادی و ئاشتییه‌ک له‌ باوه‌ڕدا پڕتان بكات، تاكو به‌ هێزی ڕووحی پارسا هیواتان زیاد بێته‌وه‌. براكانم، خۆم دڵنیام كه‌ ئێوه‌ پڕن له‌ چاكه‌، پڕن له‌ هه‌موو زانستێک، تواناتان هه‌یه‌ یه‌كتری ئاگادار بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ده‌رباره‌ی هه‌ندێک خاڵ بوێرانه‌تر بۆم نووسیون، وه‌ک به‌یادهێنانه‌وه‌تان، به‌هۆی ئه‌و به‌خششه‌ی خودا پێیداوم، تاكو ببمه‌ ڕاژه‌وانی ئیشۆعی مه‌سیح له‌پێناوی نه‌ته‌وه‌كان، وه‌ک كاهین له‌ ڕاژه‌ی ئینجیلی خودا، تاكو قوربانیی نه‌ته‌وه‌كان په‌سه‌ندكراو بێت، به‌ ڕووحی پارسا پارساكراو بێت. بۆیه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا شانازیم هه‌یه‌ به‌و شتانه‌ی بۆ خودایه‌. چونكه‌ ناوێرم باسی شتێک بكه‌م جگه‌ له‌وه‌ی مه‌سیح بۆ گوێڕایه‌ڵبوونی نه‌ته‌وه‌كان بۆ خودا به‌هۆی منه‌وه‌ ئه‌نجامی داوه‌، به‌ وته‌ و كردار، به‌ هێزی په‌رجوو و نیشانه‌، به‌ هێزی ڕووحی خودا. ته‌نانه‌ت له‌ یروشلایم و ده‌وروپشتی تاكو ئیلۆریقون، به‌ ته‌واوی ئینجیلی مه‌سیحم ڕاگه‌یاند. بۆیه‌ ئامانجی به‌رزم بوو كه‌ موژده‌ بده‌م، نه‌ک له‌و شوێنه‌ی ناوی مه‌سیحی تێدا هێنرابوو، نه‌وه‌ک له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌كێكی دیكه‌ بنیاد بنێم. به‌ڵكو وه‌ک نووسراوه‌: {ئه‌وانه‌ی باسی ئه‌ویان بۆ نه‌كرابوو ده‌بینن، ئه‌وانه‌ی نه‌یانبیستبوو تێده‌گه‌ن} .

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان