لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 1:18-20

بینین 1:18-20 PNTZS

پاش ئه‌مه‌ فریشته‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌زنی هه‌بوو، زه‌ویش به‌ پرشنگیه‌كه‌ی ڕووناكبووه‌وه‌. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و ده‌یووت: “كه‌وت! باڤلی مه‌زن كه‌وت! بووه‌ ماڵی شه‌یتانه‌كان و په‌ناگای هه‌موو ڕووحه‌ گڵاوه‌كان و په‌ناگای هه‌موو باڵنده‌یه‌كی گڵاو. چونكه‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌ مه‌یی تووڕه‌یی داوێنپیسی ئه‌ویان خواردۆته‌وه‌. پاشاكانی زه‌وی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵدا كردووه‌، بازرگانانی زه‌ویش به‌ توانای سه‌ڵته‌نه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون”. گوێم له‌ ده‌نگێكی دیكه‌ بوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌یفه‌رموو: “ئه‌ی گه‌لی من لێی ده‌ربچن، تاكو به‌شداری له‌ گوناهه‌كانی نه‌كه‌ن، تاكو ده‌رده‌كانی نه‌گرن. چونكه‌ گوناهه‌كانی تاكو ئاسمان به‌رزبوونه‌وه‌، خوداش خراپی ئه‌وی به‌ یاد هاته‌وه‌. سزای بده‌نه‌وه‌ وه‌ک ئه‌ویش سزای دایه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی كرداره‌كانی خۆی دووقاتی بده‌نه‌وه‌. له‌و جامه‌ی تیایدا تێكه‌ڵی كرد دووقاتی بۆ تێكه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌. هێنده‌ی خۆی شكۆدار كردووه‌ و به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت ژیاوه‌، ئازار و خه‌می بده‌نێ، چونكه‌ له‌ دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: وه‌ک شاژن دانیشتووم و بێوه‌ژن نیم، هه‌رگیز خه‌م نابینم. بۆیه‌ ده‌رده‌كانی له‌ ڕۆژێكدا دێن، مه‌رگ و خه‌م و برسیێتی. به‌ ئاگریش ده‌سووتێت، چونكه‌ په‌روه‌ردگار، خودا ئه‌وه‌ی حوكمی ده‌دات، به‌هێزه‌. پاشاكانی زه‌وی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا داوێنپیسییان كردووه‌ و به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت ژیاون، بۆی ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن، كاتێ دووكه‌ڵی سووتانه‌كه‌ی ده‌بینن. له‌ ترسی ئازاره‌كه‌ی له‌ دووره‌وه‌ ده‌وه‌ستن و ده‌ڵێن: واوه‌یلا! واوه‌یلا! ئه‌ی شاره‌ مه‌زنه‌كه‌! ئه‌ی باڤل! شاره‌ به‌هێزه‌كه‌! چونكه‌ له‌ كاژێرێكدا سزادانت هات. بازرگانانی زه‌وی ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن، چونكه‌ ئیتر كه‌س كاڵایان لێ ناكڕێت، كاڵای زێڕ و زیو و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری، كه‌تان و ئه‌رخه‌وان و ئاورێشم و قرمز، هه‌موو دارێكی بۆندار و هه‌موو ده‌فرێكی عاج و هه‌موو قاپێک له‌ داری گرانبه‌ها، مس و ئاسن و مه‌ڕمه‌ڕ، دارچین و بۆنوبه‌رام و بخوور و موڕ و لبان، مه‌ی و ڕۆن و ئاردی تایبه‌ت و گه‌نم، مه‌ڕوماڵات، ئه‌سپ و گالیسكه‌، له‌ش و گیانی مرۆڤ. ده‌ڵێن: به‌رهه‌می شه‌یدای دڵت له‌ ده‌ست چوو، هه‌موو سامان و سه‌ڵته‌نه‌تت لێ بڕا و ئیتر هه‌رگیز نایاندۆزیته‌وه‌. بازرگانانی ئه‌م شتانه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، له‌ ترسی ئازاره‌كه‌ی له‌ دووره‌وه‌ ده‌وه‌ستن، ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن و ده‌ڵێن: واوه‌یلا! واوه‌یلا!، ئه‌ی شاره‌ مه‌زنه‌كه‌، كه‌ به‌ كه‌تان و ئه‌رخه‌وان و قرمز پۆشرابوویت، به‌ زێڕ و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری ڕازابوویته‌وه‌! چونكه‌ له‌ یه‌ک كاژێردا ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كی ئاوا له‌ده‌ست چوو! هه‌موو كه‌شتییه‌وان و گه‌شتیاران و كارمه‌ندانی كه‌شتی و هه‌موو ده‌ریاوانان، له‌ دووره‌وه‌ وه‌ستان. كاتێ چاویان به‌ دووكه‌ڵی سووتانه‌كه‌ی كه‌وت هاواریان كرد و وتیان: چ شارێک وه‌كو شاره‌ مه‌زنه‌كه‌یه‌؟ خۆڵیان به‌سه‌ری خۆیاندا ده‌كرد، به‌ گریان و شیوه‌نه‌وه‌ هاواریان كرد و وتیان: واوه‌یلا! واوه‌یلا! ئه‌ی شاره‌ مه‌زنه‌كه‌! ئه‌وه‌ی هه‌موو خاوه‌ن كه‌شتی ده‌ریا له‌ سامانه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون! چونكه‌ له‌ كاژێرێكدا به‌ فیڕۆ چوو! ئه‌ی ئاسمان و په‌یامبه‌ره‌ پارساكان و پێغه‌مبه‌ران پێی دڵشاد بن! چونكه‌ خودا له‌به‌ر ئێوه‌ حوكمی ئه‌وی دا”.