لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 1:18-10

بینین 1:18-10 PNTZS

پاش ئه‌مه‌ فریشته‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌زنی هه‌بوو، زه‌ویش به‌ پرشنگیه‌كه‌ی ڕووناكبووه‌وه‌. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و ده‌یووت: “كه‌وت! باڤلی مه‌زن كه‌وت! بووه‌ ماڵی شه‌یتانه‌كان و په‌ناگای هه‌موو ڕووحه‌ گڵاوه‌كان و په‌ناگای هه‌موو باڵنده‌یه‌كی گڵاو. چونكه‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌ مه‌یی تووڕه‌یی داوێنپیسی ئه‌ویان خواردۆته‌وه‌. پاشاكانی زه‌وی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵدا كردووه‌، بازرگانانی زه‌ویش به‌ توانای سه‌ڵته‌نه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون”. گوێم له‌ ده‌نگێكی دیكه‌ بوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌یفه‌رموو: “ئه‌ی گه‌لی من لێی ده‌ربچن، تاكو به‌شداری له‌ گوناهه‌كانی نه‌كه‌ن، تاكو ده‌رده‌كانی نه‌گرن. چونكه‌ گوناهه‌كانی تاكو ئاسمان به‌رزبوونه‌وه‌، خوداش خراپی ئه‌وی به‌ یاد هاته‌وه‌. سزای بده‌نه‌وه‌ وه‌ک ئه‌ویش سزای دایه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی كرداره‌كانی خۆی دووقاتی بده‌نه‌وه‌. له‌و جامه‌ی تیایدا تێكه‌ڵی كرد دووقاتی بۆ تێكه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌. هێنده‌ی خۆی شكۆدار كردووه‌ و به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت ژیاوه‌، ئازار و خه‌می بده‌نێ، چونكه‌ له‌ دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: وه‌ک شاژن دانیشتووم و بێوه‌ژن نیم، هه‌رگیز خه‌م نابینم. بۆیه‌ ده‌رده‌كانی له‌ ڕۆژێكدا دێن، مه‌رگ و خه‌م و برسیێتی. به‌ ئاگریش ده‌سووتێت، چونكه‌ په‌روه‌ردگار، خودا ئه‌وه‌ی حوكمی ده‌دات، به‌هێزه‌. پاشاكانی زه‌وی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا داوێنپیسییان كردووه‌ و به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت ژیاون، بۆی ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن، كاتێ دووكه‌ڵی سووتانه‌كه‌ی ده‌بینن. له‌ ترسی ئازاره‌كه‌ی له‌ دووره‌وه‌ ده‌وه‌ستن و ده‌ڵێن: واوه‌یلا! واوه‌یلا! ئه‌ی شاره‌ مه‌زنه‌كه‌! ئه‌ی باڤل! شاره‌ به‌هێزه‌كه‌! چونكه‌ له‌ كاژێرێكدا سزادانت هات.