لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 17:78-39

په‌سنییه‌كان 17:78-39 PNTZS

به‌ڵام به‌رده‌وام بوون له‌ گوناهه‌كردن دژی، بۆ یاخیبوون دژی هه‌ره‌به‌رز له‌ بیابان. له‌ دڵی خۆیاندا خودایان تاقی كرده‌وه‌، به‌ داواكردنی ئه‌و خواردنه‌ی دڵیان پێوه‌ی بوو. له‌ دژی خودا دووان. وتیان: “ئایا خودا ده‌توانێت له‌ چۆڵه‌وانی مێزێک بڕازێنێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌تا له‌ تاشه‌به‌رده‌كه‌ی دا و ئاوی لێ‌ هێنا. دۆڵه‌كان ئاویان لێڕژا. ئایا ده‌توانێت نانیش بدات و گۆشت بۆ گه‌له‌كه‌ی دابین بكات؟” كه‌ په‌روه‌ردگار ئه‌مه‌ی بیست تووڕه‌ بوو، ئاگری داگیرسا دژ به‌ یاقوو. هه‌روه‌ها تووڕه‌یی هه‌ستا له‌ ئیسڕائیل. چونكه‌ باوه‌ڕیان به‌ خودا نه‌هێنا و پشتیان به‌ ڕزگاریه‌كه‌ی نه‌به‌ست. جا فه‌رمانی دا به‌ هه‌وره‌كان له‌ به‌رزایی، ده‌رگای ئاسمانانی كرده‌وه‌. مه‌نی به‌سه‌ریاندا باراند بۆ خواردن و دانه‌وێڵه‌ی ئاسمانی پێدان. مرۆڤ نانی فریشته‌كانیان خوارد. ئازووقه‌ی بۆ ناردن تا تێربوون. له‌ ئاسمانه‌وه‌ بای خۆرهه‌ڵاتی هه‌ڵكرد، به‌ هێزیشی بای باشووری به‌ره‌و پێش برد. وه‌ک گڵ گۆشتی به‌سه‌ریاندا باراند، وه‌ک لمی ده‌ریاكان په‌له‌وه‌ری باڵدار. باراندیه‌ نێو ئۆردوگاكه‌یان. له‌ ده‌وروبه‌ری چادره‌كانیان. خواردیان و زۆر تیر بوون، ئه‌وه‌ی دڵیان پێوه‌ی بوو بۆی هێنان. لایان نه‌دا له‌ حه‌زه‌كانیان. هێشتا خواردنه‌كه‌یان له‌نێو ده‌م بوو، ڕقی خودا لێیان هه‌ستا. هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی كوشتن وباشترین گه‌نجه‌كانی ئیسڕائیلی خست. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مه‌شدا گوناهه‌یان كرده‌وه‌، باوه‌ڕیان به‌ په‌رجوه‌كانی نه‌هێنا. به‌ فوویه‌ک ڕۆژگاری له‌ناوبردن، به‌ تۆقین ساڵانیان. ئه‌گه‌ر بیانكوژێ‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، به‌ زوویی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای خودا، به‌بیریان دێته‌وه‌ كه‌ خودا تاشه‌به‌ردیانه‌، خودای هه‌ره‌به‌رزیشه‌ كه‌ ده‌یانكڕێته‌وه‌. به‌ڵام به‌ ده‌م فێڵ ده‌كه‌ن. به‌ زمان درۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. دڵیان لای ناچه‌سپێت. دڵسۆز نین له‌گه‌ڵ په‌یمانه‌كه‌ی. ئه‌ویش به‌زه‌ییداره و له‌ گوناه خۆشده‌بێت. نافه‌وتێنێت. زۆرجار تووڕه‌یی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌. هه‌موو قینی خۆی ناجۆشێنێت. به‌بیری دێته‌وه‌ ئه‌مانه‌ مرۆڤن. بایه‌كن هه‌ڵده‌كات و ناگه‌ڕێته‌وه‌.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان