لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 1:40-17

په‌سنییه‌كان 1:40-17 PNTZS

به‌ پشوودرێژیه‌وه‌ چاوه‌ڕێی په‌روه‌ردگارم كرد، ئاوڕی لێ‌ دامه‌وه‌ و گوێی له‌ هاوارم بوو. له‌نێو چاڵی له‌ناوچوون هه‌ڵیكێشامه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ نێو قوڕ و زه‌لكاو ده‌ری هێنام. پێیه‌كانمی له‌سه‌ر تاشه‌به‌رد دانا. هه‌نگاوه‌كانمی جێگیر كرد. په‌سنییه‌كی نوێی خسته‌ نێو ده‌مم، ستایشێک بۆ خوداوه‌ندمان. زۆر كه‌س ئه‌مه‌ ده‌بینن و ده‌ترسن، پشت به‌ په‌روه‌ردگار ده‌به‌ستن. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی پشت به‌ په‌روه‌ردگار ده‌به‌ستێت، ڕوو له‌ لووتبه‌رزان ناكات، له‌وانه‌ی ڕوویان وه‌رگێڕاوه‌ به‌ره‌و درۆ. ئه‌ی په‌روه‌ردگار خودایه‌، زۆرن ئه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنانه‌ی كه‌ كردووته‌. ئه‌و شتانه‌ی بۆ ئێمه‌ نه‌خشه‌ت كێشاوه‌ كه‌س ناتوانێت بیانژمێرێت. ئه‌گه‌ر باسیان بكه‌م و بیانگێڕمه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ زۆرن نایه‌نه‌ ژماردن. به‌ قوربانی و پێشكه‌شكراو ڕازی نه‌بوویت. به‌ڵكو گوێی منت كرده‌وه‌. داوای قوربانیی سووتاندن و قوربانیی گوناهت نه‌كرد. ئینجا وتم: “ئه‌وه‌تا هاتم وه‌ک له‌و سیپاره‌ی پێچراو له‌سه‌رم نووسراوه: خودایه،‌ شادومانیم له‌وه‌دایه‌ كه‌ خواستی تۆ جێبه‌جێ‌ بكه‌م، ته‌وراته‌كه‌ت له‌ ناخی دڵی مندایه‌”. له‌نێو كۆمه‌ڵێكی مه‌زن موژده‌ی بێتاوانیم دا. ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ خۆت ده‌زانیت، ده‌می خۆم ناگرم. دادپه‌روه‌ریت له‌نێو دڵم كپ ناكه‌مه‌وه‌، باسی سه‌رڕاستی و ڕزگاریت ده‌كه‌م. میهره‌بانی و ڕه‌وای تۆ له‌نێو كۆمه‌ڵی مه‌زن دا ناشارمه‌وه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی خۆتم له‌سه‌ر لامه‌به‌. با میهره‌بانی و ڕه‌وای تۆ هه‌میشه‌ بمپارێزێت. چونكه‌ بێژماره‌ به‌ڵا ده‌وری داوم. تاوانه‌كانم گرفتاریان كردووم و ناتوانم ببینم. له‌ مووی سه‌رم زیاترن، وره‌م به‌رداوه‌. په‌روه‌ردگار ڕازی به‌، ده‌ربازم بكه‌. په‌روه‌ردگار بۆ یارمه‌تی دانم خێرا به‌. با هه‌موو شه‌رمه‌زار و سووک بن، ئه‌وانه‌ی گیانی منیان ده‌وێ‌ بۆ له‌ناوبردنی. به‌ره‌و دواوه‌ بن و ڕیسوا بن ئه‌وانه‌ی خراپه‌ی منیان ده‌وێت. با له‌ شه‌رمه‌زارییان بپه‌شۆكێن، ئه‌وانه‌ی پێم ده‌ڵێن: “هۆی ها! هۆی ها!” با ئه‌وانه‌ی تۆیان ده‌وێت، شاد و دڵخۆش بن. با هه‌میشه‌ بڵێن: “مه‌زن بێت په‌روه‌ردگار” ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ ڕزگاریی تۆ ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من هه‌ژار و به‌دبه‌ختم، په‌روه‌ردگارم بایه‌خم پێده‌دات. یارمه‌تی و ده‌ربازكه‌رم تۆی، خودایه‌ دوا مه‌كه‌وه‌.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان