لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 89:119-112

په‌سنییه‌كان 89:119-112 PNTZS

ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وشه‌كه‌ت تاهه‌تایه‌ له‌ ئاسمانان جێگیره‌. سه‌رڕاستیت نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌یه‌. زه‌ویت دامه‌زراند و ده‌مێنێت. ئه‌وان به‌ حوكمه‌كانی تۆ تا ئه‌مڕۆ ماون. چونكه‌ هه‌موو به‌نده‌ی تۆن. ئه‌گه‌ر فێركردنه‌كانی تۆ سه‌رچاوه‌ی شادیم نه‌بووایه‌. له‌ زه‌لیلیی خۆم له‌ناوده‌چووم. هه‌رگیز ڕاسپارده‌كانت له‌بیرناكه‌م. چونكه‌ به‌وان منت ژیانده‌وه‌. من هی تۆم، ڕزگارم بكه‌. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم ویستووه‌. به‌دكاره‌كان خۆیان ماتداوه‌ بۆم تا له‌ناوم بده‌ن. به‌ڵام من هه‌وڵی تێگه‌یشتنی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌ده‌م. بۆ هه‌موو ته‌واوییه‌ک سنوورم بینی، به‌ڵام ڕاسپارده‌ی تۆ زۆر فراوانه‌. چه‌ند حه‌زم له‌ فێركردنه‌كانی تۆیه‌! به‌ درێژایی ڕۆژ لێی ورد ده‌بمه‌وه‌. ڕاسپارده‌كانت له‌ دوژمنه‌كانم داناتری كردووم، چونكه‌ تاهه‌تایه‌ بۆ منه‌. له‌ هه‌موو فێركارانم هۆشمه‌ندتر بووم، چونكه‌ له‌ گه‌واهییه‌كانت ورد ده‌بمه‌وه‌. له‌ پیره‌كان زیاتر تێده‌گه‌م. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزم. پێی خۆم قه‌ده‌غه‌كردووه‌ له‌ هه‌موو ڕێگایه‌كی خراپ، تا فه‌رمووده‌ی تۆ بپارێزم. له‌ حوكمه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌. چونكه‌ تۆ خۆت فێرت كردووم. فه‌رمووده‌كه‌ت چه‌ند شیرینه‌ بۆ گه‌رووم! له‌ هه‌نگوین شیرینترن بۆ ده‌مم. له‌ ڕاسپارده‌كانی تۆ تێده‌گه‌م. بۆیه‌ ڕقم له‌ هه‌موو ڕێگایه‌كی چه‌وته‌. وشه‌كانت چرایه‌ بۆ پێیه‌كانم، ڕووناكییه‌ بۆ ڕێگام. سوێندم خواردووه‌ و به‌جێی ده‌هێنم. كه‌ باشخوازیی حوكمه‌كانت بپارێزم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، زۆر ئازارم چێژتووه‌. جا به‌پێی فه‌رمووده‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌ ستایشه‌ خۆویسته‌كانی ده‌مم ڕازی به‌، حوكمه‌كانی خۆتم فێر بكه‌. هه‌میشه‌ گیانم له‌نێو ده‌ستمدایه‌. به‌ڵام فێركردنه‌كانی تۆ له‌بیرناكه‌م. به‌دكاران ته‌ڵه‌یان بۆم ناوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام من له‌ ڕاسپارده‌ی تۆ گومڕا نه‌بووم. گه‌واهییه‌كانت تاهه‌تایه‌ میراتن بۆ من. چونكه‌ ئه‌وان شادیی دڵمن. دڵم بۆ به‌جێهێنانی فه‌رزه‌كانت ته‌رخان ده‌كه‌م. تاهه‌تایه‌ و تا كۆتایی.