لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 41:119-80

په‌سنییه‌كان 41:119-80 PNTZS

ئه‌ی په‌روه‌ردگار. با میهره‌بانیه‌كه‌تم بۆ بێت، ڕزگاریه‌كه‌ت به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌ی خۆت. جا وه‌ڵامی ئه‌وه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ كه‌ گاڵته‌م پێ ده‌كات، چونكه‌ پشتم به‌ فه‌رمووده‌ی تۆ به‌ستووه‌. وته‌ی ڕه‌وا هه‌رگیز له‌ ده‌مم دوور مه‌خه‌ره‌وه‌. چونكه‌ ئومێدم به‌ حوكمه‌كانی تۆ هه‌یه‌. به‌ به‌رده‌وامی چاوم له‌ فێركردنه‌كانته‌. تاهه‌تایه‌ و تا جاویدانی. به‌ ئازادی ڕێ ده‌كه‌م، چونكه‌ داواكاری ڕاسپارده‌كانی تۆم. له‌ به‌رده‌م پاشاكانیش باسی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌كه‌م، شه‌رمه‌زاریش نابم، خۆشی له‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌بینم. چونكه‌ حه‌زم لێیانه‌. ده‌ست بۆ ڕاسپارده‌كانت به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ی خۆشم ده‌وێت. سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ فه‌رزه‌كانت. فه‌رمووده‌كه‌ت له‌بیر بێت بۆ به‌نده‌كه‌ت، چونكه‌ هیوات پێم داوه‌. له‌كاتی ته‌نگانه‌مدا دڵنه‌وایی من ئه‌مه‌یه‌، چونكه‌ فه‌رمووده‌كه‌ت منی ژیانه‌وه‌. لووتبه‌رزه‌كان زۆر گاڵته‌م پێ ده‌كه‌ن. به‌ڵام من له‌ فێركردنه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، حوكمه‌ له‌مێژینه‌كانی تۆم هاته‌وه‌ یاد. دڵنه‌واییم هاته‌وه‌. قینم جۆشا له‌ به‌دكاران، ئه‌وانه‌ی وازیان له‌ فێركردنه‌كانی تۆ هێناوه‌. فه‌رزه‌كانت بوون به‌ په‌سنی بۆم. له‌ ماڵی ئاواره‌ییم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌ شه‌و یادی ناوی تۆ ده‌كه‌م و فێركردنه‌كانت ده‌پارێزم. ئه‌مه‌ بۆ من بوو. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم پاراست. په‌روه‌ردگار به‌شی منه‌. به‌ڵێنم داوه‌ فه‌رمووده‌كانت بپارێزم. به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ داوای ڕووی تۆم كرد. به‌پێی فه‌رمووده‌‌ی خۆت له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌. بیرم له‌ ڕێگاكانیی خۆم كرده‌وه‌، پێم به‌ره‌و گه‌واهییه‌كانت وه‌رگێڕایه‌وه‌. خێرا بووم و دوا نه‌كه‌وتم له‌ پاراستنی ڕاسپارده‌كانت. داوی به‌دكاره‌كان ده‌وری داوم. به‌ڵام فێركردنه‌كانت له‌بیر ناكه‌م. له‌ نیوه‌شه‌ودا هه‌ڵده‌ستم تا سوپاست بكه‌م له‌سه‌ر باشخوازیی حوكمه‌كانت. من هاوڕێی هه‌موو ئه‌وانه‌م كه‌ له‌ تۆ ده‌ترسن. له‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزن. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، میهره‌بانیه‌كه‌ت زه‌ویی پڕ كردووه‌. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چاكه‌ت كرد له‌گه‌ڵ به‌نده‌كه‌ت، به‌پێی فه‌رمووده‌ی خۆت. هه‌ستی باش و زانینم فێر بكه‌. چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ ڕاسپارده‌كانت هه‌یه‌. به‌ر له‌وه‌ی زه‌لیل بم گومڕا بووم. به‌ڵام ئێستا فه‌رمووده‌كه‌ت ده‌پارێزم. تۆ چاكیت و چاكه‌كاری. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه‌. لووتبه‌رزان درۆم بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. به‌ڵام من به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزم. دڵیان وه‌ک پیو بێ هه‌سته‌، به‌ڵام فێركردنه‌كانت شادییه‌ بۆ من. چاک بوو بۆ من كه‌ زه‌لیل بووم. بۆ ئه‌وه‌ی فێری فه‌رزه‌كانت بم. فێركردنه‌كانی زاری تۆ. له‌ هه‌زار زێڕ و زیو باشتره‌ بۆ من. ده‌ستی تۆ دروستی كردم و دایڕشتم. تێمبگه‌یه‌نه‌ تا فێری ڕاسپارده‌كانت بم. ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن شادمان ده‌بن كاتێک ده‌مبینن. چونكه‌ من هیوام به‌ فه‌رمووده‌ی تۆ هه‌یه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، زانیم كه‌ حوكمه‌كانت دادپه‌روه‌رن. به‌ ڕه‌وا زه‌لیلت كردم. با میهره‌بانیه‌كه‌ت بۆ دڵنه‌واییم بێت. به‌پێی فه‌رمووده‌كه‌ت بۆ به‌نده‌كه‌ت. با به‌زه‌ییت بێت بۆ لام، تا بژیم، چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆ شادمانییه‌ بۆ من. با لووتبه‌رزان شه‌رمه‌زار بن. چونكه‌ به‌ درۆ بوختانیان پێ كردم. به‌ڵام من سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ ڕاسپارده‌كانت. با ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای من، ئه‌وانه‌ی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌زانن. با دڵم ته‌واو بێت له‌ فه‌رزه‌كانت، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رمه‌زار نه‌بم.