لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 129:119-160

په‌سنییه‌كان 129:119-160 PNTZS

گه‌واهییه‌كانت سه‌رسوڕهێنه‌رن، بۆیه‌ گیانم ده‌یانپارێزێت. ده‌ركه‌وتنی فه‌رمووده‌كانت ڕووناكی ده‌به‌خشێت، تێگه‌یشتنیش به‌ نه‌زانه‌كان. ده‌مم كرده‌وه‌ و هه‌ناسه‌بڕكێمه‌. چونكه‌ په‌رۆشی ڕاسپارده‌كانتم. ئاوڕم لێ‌ بده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌، وه‌ک ڕه‌وا بۆ ئه‌وانه‌ی ناوی تۆیان خۆش ده‌وێت. هه‌نگاوه‌كانم له‌ وشه‌كه‌ت جێگیر بكه‌. مه‌هێڵه‌ هیچ تاوانێک به‌سه‌رمدا زاڵ بێت. له‌ سته‌می مرۆڤ بمكڕه‌وه‌. تا ڕاسپارده‌كانت بپارێزم. ڕووت به‌سه‌ر به‌نده‌ی خۆتدا بدره‌وشێنه‌وه‌، فێری فه‌رزه‌كانی خۆتم بكه‌. جۆگه‌ی ئاو له‌ چاوه‌كانم داده‌ڕژێت. چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆیان په‌یڕه‌و نه‌كردووه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ باشخوازیت، حوكمه‌كانت ڕاستن. ئه‌و گه‌واهیانه‌ی فه‌رمانت پێ داوه‌ ڕه‌وان و جێی متمانه‌ن. دڵگه‌رمیم سووتاندمی، چونكه‌ دوژمنانم فه‌رمووده‌كانی تۆیان له‌بیركردووه‌. وشه‌ی تۆ زۆر بێگه‌رده‌، به‌نده‌كه‌ت حه‌زی لێیه‌تی. من بچووک و ڕه‌تكراوه‌م، به‌ڵام ڕاسپارده‌كانت له‌ یادناكه‌م. دادپه‌روه‌ریت تاهه‌تایه‌ دادپه‌روه‌ریه‌، فێركردنه‌كانت ڕه‌وان. ته‌نگانه‌ و ناخۆشیم تووش بووه‌. به‌ڵام فه‌رمانه‌كانت شادیی منن. گه‌واهییه‌كانت تاهه‌تایه‌ دادپه‌روه‌رن. تێم بگه‌یه‌نه‌ تا بژیم. پڕ به‌ دڵ هاوار ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌. فه‌رزه‌كانت ده‌پارێزم. هاوار بۆ تۆ ده‌كه‌م. ڕزگارم بكه‌، گه‌واهییه‌كانت ده‌پارێزم. هه‌ڵده‌ستم پێش به‌ره‌به‌یان هاوارت بۆ ده‌هێنم. چاوه‌ڕێی فه‌رمووده‌كانی تۆ ده‌كه‌م. به‌درێژایی شه‌و به‌ئاگام، تا له‌ فه‌رمووده‌كانت وردببمه‌وه‌. به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت گوێ‌ له‌ ده‌نگم بگره‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌. پیلانگێڕان نزیک بوونه‌وه‌. له‌ فێركردنه‌كانت دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ زۆر نزیكیت، هه‌موو راسپارده‌كانت ڕه‌وان. له‌ مێژه‌وه‌ له‌ گه‌واهییه‌كانت ده‌زانم، كه‌ بۆ تاهه‌تایه‌ داتناون. سه‌یری زه‌لیلیم بكه‌ و ده‌ربازم بكه‌. چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆ له‌بیر ناكه‌م. پارێزه‌ری له‌ گرفته‌كه‌م بكه‌ و بمكڕه‌وه‌. به‌گوێره‌ی وشه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. ڕزگاری له‌ به‌دكاران دووره‌. چونكه‌ فه‌رزه‌كانی تۆیان نه‌ویست. به‌زه‌ییت زۆره‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار. به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌. دوژمنانم و ئه‌وانه‌ی دوام ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌ زۆرن. به‌ڵام له‌ گه‌واهییه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌. ناپاكانم بینی بێزم هاته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی وشه‌ی تۆیان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه‌. ببینه‌ كه‌ حه‌ز له‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. سه‌راپای وشه‌كانت ڕه‌وایه‌‌. هه‌موو حوكمه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كانت تاهه‌تایین.